ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە گەورەترین ئاوارەبوون لە مێژووی ئەمریکا نیشاندەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ببینن گەورەترین ئاوارەبوون لەمێژوی ئەمریکادا".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە پێشتر لە مانگی ئەیلوولی 2024 بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسانەی بڵاویانکردووەتەوە ئاماژەیان پێداوە کە کۆبوونەوەی خەڵکە لە کاتی سەردانیکردنی پاپا کەنیسەی کاسۆلیکی (پاپا فرانسیس)ە بۆ وڵاتی (تیمۆری ڕۆژهەڵات) ڕۆژی 9ی ئەیلوولی 2024.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە سێشەممەی ڕابردوو 7ی کانوونی دووەمی 2025، ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی شاری لۆس ئەنجلۆس کەوتەوە کە بای بەهێز و کەشوهەوای وشک یارمەتیدەر بوو لە تەشەنەکردنی.
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان لەو ناوچەیە دوورخرانەوە، لەئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە چەندین باڵەخانە وێران بوون لە چەندین ناوچەی جیاواز، بەو پێیەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە وێرانکەرترین ئاگر لە مێژووی لۆس ئەنجلۆس دادەنرێت.
جێی باسە پێشتر لە بەرواری 14ی تشرینی یەکەمی 2024 ڕاستی ئەو ڤیدیۆیەمان ڕوونکردوەتەوە کە بە ئیدیعایەکی چەواشەکارانەی جیاواز بڵاوکرابووەوە.