ڕاستی ئەو دەنگۆیانە چییە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە تەڵخ کردنی دەموچاوی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەلایەن ئیدارەی سوریا لە کاتی گرتنی وێنەی فەرمی لەگەڵ ئەحمەد شەرع؟

 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەکی سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، ئەحمەد شەرع، لەگەڵ ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاوبووەتەوە، لەگەڵ ئیدیعای ئەوەی کە ئیدارەی سوریا لە وێنەکەدا بە فەرمی دەموچاوی وەزیرەکەی شێواندووە بۆ شاردنەوەی ناسنامەی.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە ساختەیە، بە پێداچوونەوە بە هەژماری فەرمی ئیدارەی نوێی سوریا لە پلاتفۆرمی تێلیگرام، دەرکەوت کە وێنەکە بە تەواوی بڵاوکراوەتەوە، هەروەها وێنەیەکی دیکەی لەگەڵ بڵاوکراوەتەوە کە سەرۆکی ئیدارەی گشتی لە سوریا ئەحمەد شەرع نیشاندەدات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک بەبێ شاردنەوەی دەمووچاوی یاخود تەڵخ کردنی دەموچاوی ئەو وەزیرە.

ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانیکردنی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەنالینا بێربۆک بۆ دیمەشق، کە چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا کەوت، لە سەردانەکە تیشک خرایە سەر تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هاوکاریی هەرێمی، و پرسەکانی پەیوەست بە قۆناغی گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ناوچەکە.

لە میانەی سەردانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەر هەنگاوێکی چاکسازی، ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتی نێودەوڵەتی پێویستی بە پابەندبوونە بە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسیدا.