ڕاستی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە چین بڵاوکراونەتەوە گوایە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان نیشاندەدات لە کاتی خستنە خوارەوەی بڵاوکراوەی هاندان دژی سیستەمی سیاسی لە عێراق؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند وێنە و ڤیدیۆیەک بڵاوکراونەتەوە گوایە درۆنێک چەند بڵاوکراوەیەک فڕێدەداتە خوارەوە بۆ هاندان دژی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیەی درۆنەکە نیشاندەدات کۆنە و پێشتر لەلایەن ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی (ئیبراهیم موحارب) لەسەر هەژماری ئینستاگرامەکەی لە بەرواری 11ی ئابی 2024 بڵاوکراوەتەوە، کە ساتی بەکارهێنانی "کواد کاپتەر" لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا نیشاندەدات، ئەوەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڤیدیۆکە پەیوەندی بە ڕووداوە ناوخۆییەکانی عێراقەوە نییە.

سەبارەت بەو هەواڵەی هاوپێچی ڤیدیۆکە کراوە، لەکاتی گەڕان لە سەرچاوە ئەمنییە فەرمییەکان و دیارترین میدیا ناوخۆییەکان، هیچ هەواڵێک نەدۆزرایەوە کە بوونی ئەو جۆرە بڵاوکراوانە لە هیچ ناوچەیەکی پایتەختی بەغدا پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها لە وێبگەڕی (گوگڵ) گەڕانێکمان ئەنجامدا بۆ ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو ئیدیعایەی سەرەوە بسەلمێنێت، ئەنجامەکانی گەڕانەکە تەنها ئەو پەیج و هەژمارانە بوو کە هەواڵە چەواشەکارەکەیان گواستۆتەوە، و وێنە بڵاوکراوەکان تەنها دوو کۆپی دووبارەیە کە لۆگۆی "ئەنجوومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق"ی لەسەرە.

هەروەها بە پێداچوونەوە بە هەژمارەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق، دەرکەوت کە ناوەڕۆکی وێنەکان هاوشێوەی بەشێک لە بڵاوکراوەکانیانە، بەڵام ئەو ئەنجومەنە هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاونەکردوەتەوە کە ئاماژە بەوە بکات ئەو بڵاوکراوانەی خستووەتە خوارەوە یاخود فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە بۆ ئەم مەبەستە.

ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق

قەوارەیەکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە کە لە ساڵی 2016 لە دەرەوەی عێراق دامەزراوە، بە سەرۆکایەتی عەبدولناسر جەنابی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ساڵی 2007 دەستی لەکارکێشایەوە، ئەنجومەنەکە کۆمەڵێک کەسایەتی لەخۆدەگرێت کە دژایەتی سیستەمی سیاسی ئێستای عێراق دەکەن، و ئامانجی کارکردنە بۆ گۆڕینی، ئەنجومەنەکە زیاتر پشت بە میدیای دیجیتاڵی دەبەستێت بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی و بەرەوپێشبردنی بنەماکانی.

شایانی باسە پلاتفۆرمی ئاسبەر لە 12ی کانوونی دووەمی 2025 ئەو پۆستەی بە درۆ خستەوە.