استی ئەو گرتە ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی وەزیری بەرگری ئەمریکا هاوڵاتیانی عێراق ئاگادار دەکاتەوە لە نزیکبوونەوە لەو شوێنانەی کە حەشدی شەعبی لێیە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە وەزیری بەرگری ئەمریکا هاوڵاتیانی عێراق ئاگادار دەکاتەوە لە دەستپێکی 10/1/2025 نزیکی ئەو شوێنانە نەبنەوە کە حەشدی شەعبی لێیە.
ڕاستییەکە
وەرگێڕانەکە ساختەیە، وەزیری بەرگری ئەمریکا هاوڵاتیانی عێراقی ئاگادار نەکردوەتەوە لە بەئامانجگرتنی حەشدی شەعبی.
بە بەکارهێنانی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆکەی وەزیری بەرگری ئەمریکا (لۆید ئۆستن) گەڕانێکی پێچەوانەمان ئەنجامدا، بۆمان دەرکەوت کە بەشێکە لە پەخشی ڕاستەوخۆی ئەو وەزیرە لە بەرنامەی "CBS Morning" لە تۆڕی CBSی ئەمریکی.
تەواوی ڤیدیۆکە لە کەناڵەکانی یوتیوبی تۆڕەکە و بەرنامەکە لە 14ی ئەیلوولی 2024 بڵاوکراوەتەوە، و تێیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا باس لە دەستپێشخەرییەکی نوێ و ڕێوشوێنەکانی کرد بۆ باشترکردنی کوالێتی ژیانی خێزانە سەربازییەکان و بەرزکردنەوەی گوزەرانی ملیۆنان کەس لە کارمەندانی سوپای ئەمریکا و خێزانەکانیان.
لە میانەی لێدوانەکەیدا ئەو وەزیرە باسی بارودۆخی عێراقی نەکردووە، یاخود هاوڵاتیانی عێراقی ئاگادار نەکردوەتەوە لە نزیکبوونەوە لەو شوێنانەی کە ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی لێیە.
ڤیدیۆکە لەگەڵ وەرگێڕانێکی عەرەبی ساختە تێکەڵکراوە کە لەگەڵ لێدوانەکەی وەزیری بەرگری ناگونجێت، هەروەها دەستکاری گرتە ڤیدیۆکە کراوە بە هاوپێچکردنی مانشێتێک کە دەقێکی ئینگلیزی هەمان ئیدیعا ساختەکەی تێدایە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ماڵپەڕی CNN بە عەرەبی، ئەو ڤیدیۆیە لەسەر هەژمارێک بڵاوکراوەتەوە لەسەر پلاتفۆرمی تیک تۆک بەناوی (.tv04763) کە بە درۆ وێنەی لۆگۆی کەناڵی (ئەلرابعە) داناوە، دوای ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بڵاوبووەوە، بەڵام لەم دواییانەدا ئەو هەژمارە لەسەر پلاتفۆرمەکە دیار نەما ئەوەش بەپێی ئەو ئەنجامەی لە کاتی گەڕان بۆی دەرکەوت.
گرژی سەربازی دەرەکی و وریایی ئاسایشی ناوخۆ
ساڵی 2024 شایەتی زنجیرەیەک پێشهاتی دیار بوو کە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر دیمەنی ئەمنی و سیاسی و ئابووری عێراق هەبوو، لەبەر ڕۆشنایی گرژییە هەرێمیە بێوێنەکان.
ئەمساڵ بە هەڵکشانی بەرچاوی هێرشی لایەنە چەکدارەکانی عێراق لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستیپێکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کە لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە بەردەوامە.
ئەم شەڕە کاریگەری گەورەی لەسەر عێراق هەبوو، بەو پێیەی ترس و دڵەڕاوکێ بەرز بووەوە لەوەی عێراق بکێشێتە ناو ململانێیەکی هەرێمی گەورەتر.
سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، ڕووداوەکان تاقیکردنەوەیەک بوون بۆ سەقامگیری وڵات، هەروەها بەردەوامی ململانێی نێوان هێزە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکانی لە عێراق ئاشکرا کرد.
ئەم هەڵکشانە لە 28ی کانوونی دووەمی 2024 گەیشتە لوتکە، کاتێک "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" هێرشی کردە سەر بنکەی "تاوەر ٢٢" لە نزیک بنکەی تەنف لە ناوچەی یەکگرتنی سنووری ئوردن و سوریا و عێراق، بەهۆیەوە 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 34 کەسی تر برینداربوون. ئەمەش وایکرد واشنتۆن سەرکردەکانی ئەو گروپانە بکاتە ئامانج، لە 7ی شووباتی 2024 سەرکردەکانی حزبوڵای عێراقی لە بەغدا کوژران.
دانوستانە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ژێر ڕۆشنایی مەیدانی و پەرەسەندنی دیپلۆماسی دەستیپێکردەوە.
لە 15ی نیسانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکای کرد، لەوێ لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و جەختی کردەوە لە گرنگی هەنگاونان بۆ "هاوبەشییەکی تەواو" لە نێوان هەردوو وڵات.
لە 27ی ئەیلولی 2024 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عێراق لە ماوەی 12 مانگدا ڕاگەیاند، لەگەڵ مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا تا ساڵی 2026 لە عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا.
پێشتریش چەندین دامەزراوەی پشکنینی ڕاستییەکان ڕاستیی ئەو گرتە ڤیدیۆیە و ئەو ئیدیعایە ساختەیەیان ڕوونکردوەتەوە، لەوانەش ڕوانگەی فەلەستینی "تحقق".