ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە لەم دواییانەدا بڵاوکراوەتەوە کە ئاهەنگ گێڕان لە شەقامەکان و بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە تەنیشت ئاڵای کوردستان نیشاندەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێدا بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل نیشاندەدات لە تەنیشت ئاڵای کوردستان.
ڕونکردنەوە
ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە، پێشتر لە ئەیلوولی ساڵی 2017 بڵاوکراوەتەوە، کاتێک لە هەرێمی کوردستان ئاهەنگ دەگێڕدرا بەبۆنەی خۆ ئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە لە بەرواری 25 ئەیلوولی 2017 بەڕێوەچوو.
ساڵی 2017، هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی ئەنجامدا بۆ جیابونەوە لە عێراق، ڕیفراندۆمەکە لەلایەن هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا، بەڵام بەهۆی هەستیارییە سیاسی و جوگرافییەکانی پەیوەست بە جیابوونەوەی ناوچەکە، لەلایەن حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێرانەوە ڕەتکرایەوە.
لە وەڵامی بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە چەندین بۆنەی جیاوازدا لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2017 بڕیارێکی دەرکرد کە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە شوێنە گشتییەکانی عێراق بە تاوان هەژمار بکرێت.
دەربارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان
لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە لە ئەیلوول بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریکردن گەشتە 72.61٪ ، لە کۆی 4،581،255 دەنگدەر 3،305،925 دەنگدەر بەشداری کرد، لەو ژمارەیەی کە دەنگیان داوە ڕێژەی 92.73٪ بە بەڵێ بوو بۆ ڕیفراندۆم، و 7.27٪ بە نەخێر دەنگی دا.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی لەسەر ڕیفراندۆم چونکە دەتوانێت هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی سەرقاڵ بکات، هەروەها داوای کرد کە گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ، ئەمریکا "نائومێدی قووڵی" خۆی لە ڕیفراندۆمەکە دەربڕی، چونکە دەتوانێت ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا زیاد بکات، هەروەها یەکێتی ئەوروپا داوای کرد دووربکەونەوە لە هەر هەنگاوێکی تاک لایانە کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی، و داوای کرد گفتوگۆ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بکرێت.
لای خۆیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕیفراندۆمی بە "خیانەت" وەسفکرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هەنگاوی سیاسی و ئابووری و سەربازی لە بەرامبەردا دەگرێتەبەر، هاوکات ئێران ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەی ڕاگەیاند و ئاسمانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست وەک ڕێوشوێنی خۆپارێزی.