ڕاستی ئەو لێدوانەی ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چییە سەبارەت بە زەردەخەنە نەکردن بۆ سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا ئەحمەد شەرع؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای ئەوەی چووە دیمەشق و گەڕایەوە وتی: ئەحمەد شەرع ڕەتی کردەوە تەوقەم لەگەڵ بکات، منیش زەردەخەنە شیرینەکەی خۆمم پێنەدا".
ڕاستییەکە:
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا (ئەنالینا بێربۆک) لێدوانی هاوشێوەی نەداوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی تەوقەکردن لەگەڵی لەلایەن (ئەحمەد شەرع) و لە بەرامبەردا ئەویش زەردەخەنە شیرینەکەی بۆ نەکردووە.
بە گەڕانەوە بۆ هەژمارە فەرمییەکانی بێربۆک پۆستی هاوشێوەمان نەدۆزییەوە، هەروەها دەزگاکانی راگەیاندنی جیهانی لێدوانی هاوشێوەیان لە زاری بێربۆکەوە نەگواستوەتەوە، ئەوەش ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە.
هەروەها گەشتین بە هەژمارێک لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بەناوی (Außenministerin Parody Annalena Baerbock) کە لە وەسفی هەژمارەکە و ناوەکەی ئاماژەی پێداوە کە هەژمارێکی گاڵتەجاڕانەیە، لە بەرواری 4ی کانوونی دووەمی 2025 پۆستێکی بڵاوکردوەتەوە بە زمانی ئەڵمانی، بە وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی دەبێتە "ئەحمەد شەرع ڕەتیکردەوە تەوقەم لەگەڵ بکات،منیش زەردەخەنە شیرینەکەی خۆمم پێنەدا".
واتا ئەو هەژمارەی ئیدیعایە ساختەکەی بڵاوکردوەتەوە ساختە و گاڵتەجاڕانەیە، و هەژماری فەرمی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک نییە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بە تەوقەنەکردن لەگەڵ ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتی سەردانەکەی بۆ سوریا لە بەرواری 3ی کانوونی دووەمی 2025، لەبەرامبەردا تەوقەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان نۆئێل بارۆت کرد.
لە کاتێکدا بێربۆک لە 3ی کانوونی دووەمی 2025 ڕوونیکردەوە، "بۆ من ڕوون بوو کە لێرەدا تەوقەیەکی ئاسایی ڕوونادات" و ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە هاوبەشەکانم لە گفتوگۆکەشدا ئەمەیان بۆ ڕوون بوو، هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنساش دەستی درێژ نەکرد" ئەوەش بەپێی کەناڵی ئەلحوڕە.