ڕاستی گیانلەدەستدانی ڕاهێنەرە تایبەتەکەی بافڵ تاڵەبانی چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستێکی بافڵ تاڵەبانی بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا سەرەخۆشی لە هاوڕێیەکی دەکات لەگەڵ وێنەی دەمانچەیەک و چەقۆیەک، ئەو کەسانەی بڵاویانکردووەتەوە وتیانە کە ئەو کەسەی مردووە ڕاهێنەرە تایبەتەکەیەتی.

ڕاستییەکە 

ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی ڕاهێنەرەکەی بافڵ تاڵەبانی، بێن ستۆگەر لە ژیاندا ماوە، بەو پێیەی لەم دواییانەدا لە وێنەیەکی نوێ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەرکەوت لە بەرواری 2ی کانوونی دووەمی 2025، ئەوەش دڵنیایی دەدات کە لە ژیاندا ماوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە بافڵ تاڵەبانی لە بەرواری 28ی کانوونی یەکەمی 2024 پۆستێکی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە کە وێنەی دەمانچەیەک و چەقۆیەکە لەگەڵ دەقی "ڕوحت شاد براکەم"، ئەو وێنەیەی بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردووەتەوە لەوانەیە ئاماژەبێت بۆ کەسێکی تر، بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەی ئەو کەسە یاخود پەیوەندی پێوەی.
هەروەها نەمانتوانی وێنەی هاوپێچکراوەکەی ئیدیعا چەواشەکارانەکە بدۆزینەوە، هەروەها گەڕانێکمان لە وێبگەڕی (گوگڵ) ئەنجامدا بۆ ئەو ئیدیعایەی کە ئاماژەی پێکراوە، و هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو ئیدیعایە بسەلمێنێت.