ڕاستی ئەو وێنەیە فایق شێخ عەلی چییە کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەسوڕێنەوە لە دیمەشق؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "فايق شێخ عەلی وێنەکێ خۆ دگەل ئەحمەد جۆلانی بەلاڤکر".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایە ساختەیە، لە کاتی بەراوردکردنی ئەو وێنەیە لەگەڵ وێنەیەکی نوێی ئەحمەد شەرع (ئەلجۆلانی) بۆمان دەردەکەوێت کە چەندین جیاوازی هەیە لە دەموچاوی، لە کاتی بەراوردکردنی شێوازی گوێی و قەبارەی لوتی و شێوازی ڕیشی لە خوار لێویەوە بۆمان دەردەکەوێت کە جیاوازە، بەڵام نەمانتوانی ناسنامەی خاوەنی ئەو وێنەیە پشتڕاست بکەینەوە کە لەلایەن پەرلەمانتاری پێشوو فایق شێخ عەلی بڵاوکراوەتەوە.
لەلای خۆیەوە هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە "نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەحمەد شەرع ڕاستی ئەو وێنەیە ڕەتدەکاتەوە کە لەسەر" پلاتفۆرمی ئێکس" بڵاوکراوەتەوە، گوایە چاوپێکەوتنی سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی عێراق فایق شێخ عەلیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق، دڵنیاییدا کە ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە ئەحمەد شەرع نییە"، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ هەژمارێکی فەرمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاخود ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی نییە کە تایبەت بێت بە نوسینگەی ڕاگەیاندنی (ئەحمەد شەرع).
هەروەها لە هەژماری فەرمی وەزارەتی کاروباری سیاسی لە ناوچە ئازادکراوەکان - سوریا گەڕاین و هیچ بەدوور خستنەوەیەک یاخود وێنە بڵاوکراوەکەمان نەبینی.
بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دێت، لە کاتێکدا دەنگۆی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریا.
ئەسەد بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 سوریای بەجێهێشت، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و گروپە جیهادیەکان لەژێر ناوی "ئۆپۆزیسیۆنی سوریا"، دیارترینیان دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی (ئەحمەد شەرع) ناسراو بە "ئەلجۆلانی"، پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا کە لەم ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەستی بەسەر چەند شارێکدا گرت، کە دیارترینیان حەلەب و حەما و حومس، تا دەگاتە دیمەشقی پایتەخت و ڕاگەیاندنی بەیاننامەی ژمارە یەک، بەوەش کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هات دوای 24 ساڵ، کە لەدوای کۆچی دوایی حافز ئەسەدی باوکی لە ساڵی 2000 دەسەڵاتی بەدەست گرت.
فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێ لە سوریا، ئەحمەد شەرع لەگەڵ ژمارەیەک شاند کۆبووەوە کە سەردانی دیمەشقیان کرد، لەگەڵ شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی باربرا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد لەگەڵ ئیدارەی سوریا سەبارەت هەڵگرتنی سزاکانی سەر گەلی سوریا، لەنێویاندا یاسای قەیسەر.
هاوکات لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن و وەزیری دەرەوە و کاروباری تاراوگەنشینی ئوردن گفتوگۆی کرد و جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی ئوردن و سوریا و گرنگی هاوکاری کردەوە.
هەروەها لە کۆشکی سەرۆکایەتی دیمەشق پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.