ئایا سکای نیوز هیچ هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە نیازی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی و سەرکردەکانی بەرەی مقاومە لە عێراق؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە ماڵپەڕی سکای نیوز هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە گوایە ئیسرائیل ئەمڕۆ بنکە سەربازیەکان و چەند سەرکردەیەکی بەرەی مقاومە دەکاتە ئامانج.

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی تیمەکەمان گەڕانێکی ئەنجامدا بۆ دڵنیابوونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئامادەکاری ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عێراق لەلایەن سکای نیوزەوە، بەڵام نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە بیسەلمێنێت هەواڵی هاوشێوەی بڵاوکردوەتەوە، ئەوەش لە ڕێگای گەڕان لە ماڵپەڕەکەیان و هەژمارەکانی سکای نیوز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دوای ئەوە دێت کە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل (جەدعون ساعر) لە بەرواری 18 تشرینی دووەمی 2024 داوای لە حکومەتی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی کە لە ناوخۆی عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هەروەها ئاماژەی پێدا کە ئیسرائیل مافی بەرگریکردنی لەخۆی هەیە بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها پەیامێکیشی نارد و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد "بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ دڵنیابوون لەوەی حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکات، و ئەم هێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت".