ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە پەیکەری شێرێکە لە سەماوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت"شێرەکەی سەماوە سامی هەیە و خەڵک لێی دەترسن بەتێچوی 50 ملیۆن دیناری عێراقی، پەیکەرێکی شێر لە پارێزگای سەماوە دروستکراوە".
ڕاستییەکە
ئەو پۆستە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە پەیکەرێکە لە شارەوانی شەمرە لە ویلایەتی باتنە لە وڵاتی جەزائیر دانراوە لە ساڵی 2021، کاری هاوڵاتییەکی جەزائیریە کە پیشەی وێنەکێشانە بەناوی (عز الدین معیریف).
سەبارەت بە هەواڵی دروستکردنی پەیکەری شێرێک لە شاری سەماوە ناوەندی پارێزگا موسەنا لە باشووری عێراق بە تێچووی 50 ملیۆن دینار، دوورە لە ڕاستییەوە، لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە نەگەشتین بە هیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، هەروەها هیچ کام لە شارەوانی سەماوە یاخود ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا یاخود دەزگاکانی راگەیاندنی ناوخۆیی هەواڵی هاوشێوەیان بڵاونەکردوەتەوە.
جێی باسە پەیکەرتاشی پەیکەرەکە عزالدین معیریف، کە دەرکەوت وێنەکێشە و پەیوەندی نییە بە پەیکەرتاشیەوە، داوای لێبوردنی ئاڕاستەی جەزائیریەکان و دانیشتوانی شارەکەی کرد، و دانی پێدانا کە سەرکەوتوو نەبوو لە دروستکردنی پەیکەرێک کە بە شێر بچێت، کە چوار مانگی خایاند بۆ دیزاینکردن و دروستکردنی.
جێی باسە پێشتر ڕاستی ئەو پەیکەرەمان ڕوونکردوەتەوە لە ساڵانی رابردوودا.