ڕاستی پێشەنگی پارێزگای کەربەلا لە بەرهەمهێنانی خورما لە جیهاندا چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "لە ئێستادا شاری "کەربەلا" لە ڕیزبەندی یەکەمین شاری جیهانە لە بەرهەمهێنانی خورمادا، بەو پێیەی کە گەوورەترین کێڵگەی دارخورمای جیهان دەکەوێتە ئەم شارەوە.ژمارەکەی دارخورماکانیشی زیارە 3,9ملیۆن دار و پێکهاتوون لە 90جۆری خورما، کە ساڵانە بڕی 160هەزار تەن خورما بەرهەم دەهێنن".

ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، تیمەکەمان هەستا بە گەڕانێکی بەرفراوان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی گەشتنی کەربەلا بۆ ڕیزبەندی یەکەم لە جیهان لە بەرهەمهێنانی خورما، نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.

بەو پێیەی هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی تایبەت یاخود لایەنێکی ناوخۆیی پەیوەندیدار وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ یاخود بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەربەلا ئامار و هەواڵی هاوشێوەیان بڵاونەکردوەتەوە.

هەروەها نالۆژیکە کە بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵی 2024 ئامارێکی هاوشێوە هەبێت.

جێی باسە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەربەلا لە پۆستێکدا کە لە بەرواری 24ی ئەیلوولی 2024 بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی خورما لەپارێزگاکە زیادی کردووە.

پێشبینی دەکەن بگات 190 هەزار تەن لە 3 ملیۆن دار خورما بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمی ساڵی پار کە 180 هەزار تەن بوو.

ئەوەش ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە پێشکەوتنی کەربەلا دەکات بۆ ڕیزبەندی یەکەم بە بەرهەم هێنانی خورما لە 3.9 ملیۆن دار خورما.