ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چیە کە تێیدا ئەحمەد شەرع باسی کاروباری عێراق دەکات، گوایە لەم دواییانەدا تۆمارکراوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا ئەحمەد شەرع نیشاندەدات کە باسی دۆخی عێراق دەکات، گوایە ڤیدیۆکە نوێیە و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سوریای پێشوو بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد تۆمارکراوە.
ڕونکردنەوە
ئەو ڤیدیۆیە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022، و لەم دواییانە نییە وەک لە ئیدیعای هاوپێچکراوی ڤیدیۆکە نوسراوە، گرتە ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی ڕێگای حەلەب - باب ئەلهەوا، لە شاری سەرمەدە کە دەکەوێتە پارێزگای ئیدلب لە نزیک سنووری تورکیا، کە بەرپرسی ئێستای ئیدارەی نوێی سوریا (ئەحمەد شەرع) بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەرکەوت بۆ کردنەوەی ڕێگاکە.
تیمەکەمان ئەو ڤیدیۆیەی بەراورد کرد لەگەڵ ئەو ڤیدیۆ کۆنەی کە ئەحمەد شەرع لە کاتی کردنەوەی ڕێگای حەلەبدا پیشان دەدات، دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە ڕووی شوێنەکە و ئەو جلوبەرگانەی کە لەبەریدایە بە تەواوی لەیەک دەچن، چەندوێنەیەک هاوپێچ دەکەین بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە.
لای خۆیەوە چالاکوانان ڕایانگەیاند کە:
"دەرکەوتنی ئەبو محەمەد جۆلانی و ئامادەبوونی لە کردنەوەی ڕێگاکە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە پەیامێکە بۆ گەلی سوریا کە هەموو کادرەکانی ناوچە ئازادکراوەکان بە کەسایەتییە پێشەنگەکانییەوە وەک ئەبو محەمەد جۆلانی و ئەوانی تریشەوە، بەرپرسیارە لە پێشکەوتن و گەشەسەندن لە باکووری سوریا و کەمکردنەوەی ئازار و سەختییەکانی بەردەم گەلەکەمان".
هەروەک ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەو کاتەدا ڕایگەیاند:
"دەرکەوتنی سەرۆکی (دەستەی تەحریری شام) ئەبو محەمەد جۆلانی و بەشداریکردنی لە بۆنەیەکی خزمەتگوزاری بە جلوبەرگی مەدەنی لە چوارچێوەی بەردەوامی هەوڵەکانی جۆلانیدا دێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆی و فراکسیۆنەکەی وەک ڕاگەیاندنێک کە پۆشاکی (قاعیدە)ی فڕێداوە، و تیرۆریست نین و بە پەیڕەوی یەکسانین"،
ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی شەرقی ئەوسەت.
شەرع لە کاتی کردنەوەی ڕێگای حەلەب وتارەکەی پێشکەش کرد، هەروەها باسی لە گرنگی یەکخستنی ڕیزەکان کرد لە گەیشتن بە ڕێنێسانسێکی ئابووری، نموونەی عێراقی هێنایەوە لەو وێرانکارییەی کە لە دوای ساڵی 2003 تێیدا ڕوویدا، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی تۆڕی نەبز شیمال.
شایانی باسە پلاتفۆرمی پشکنینی ڕاستییەکان" تأكد" لە 23ی کانوونی دووەمی 2025 ڕاستی ئەو ڤیدیۆیەی ڕوونکردوەتەوە.
احمد شەرع کێیە؟
ئەحمەد حوسێن شەرع لە ساڵی 1982 لەدایک بووە، لە گەڕەکی مەزەی دیمەشق گەورە بووە لە بنەماڵەیەکی چینی مامناوەند کە مەیلی لیبڕاڵییان هەیە، بنەچەی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سوریا، و بەشداری لە هەندێک ناڕەزایەتی دژی ڕژێمی بەعس لە سوریا کردووە، کە چەندین جار لە سوریا و ئوردن زیندانی کراوە، دواتر بەرەو عێراق هەڵاتووە.
دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا لە ساڵی 2003، چووەتە شەڕ و پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدەوە کردووە بە سەرۆکایەتی ئەبو موسعەب زەرقاوی، چەند جارێک لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دەستگیرکرا، بەڵام لە عێراق مایەوە ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە عێراق بە سەرۆکایەتی ئەبوبەکر بەغدادی.
لە ساڵی 2012، شەرع بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا پێکهێنانی "بەرەی نوسرە بۆ گەلی شام"ی ڕاگەیاند، کاتێکیش ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی ڕێکخراوی "دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی" لە ساڵی 2013 یەکگرتنی ئەو دوو ڕێکخراوەی ڕاگەیاند، شەرع ڕەتیکردەوە، لە ساڵی 2017 "حکومەتی ڕزگاری سوریا" لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام لە پارێزگای ئیدلبی سوریا دروستکرا، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بکات لە ژێر سەرکردایەتی ئەو لە دەستەی تەحریر شام.