ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەحمەد شەرع لەگەڵ هاوسەرەکەی نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا ئەحمەد شەرع نیشاندەدات لەگەڵ هاوسەرەکەی.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو وێنەیە ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاعیری سوری (ئالا مستەفا عەلی) نیشاندەدات نەک هاوسەرەکەی شەرع.

ئالا موستەفا پۆستێکی بڵاوکردوەتەوە لەسەر هەژمارەکەی لەسەر پلاتفۆرمی فەیسبووک لە بەرواری 16ی کانوونی دووەمی 2025 و ئاماژەی پێداوە

 "کۆبوونەوەیەکی گەورە بوو لەگەڵ سەرکردەیەکی گەورە، کۆبوونەوەکە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند لەگەڵ سەرکردە و کۆمەڵێک برا".

ئاماژەی بەوەشکرد، 

"هەرگیز بە بیرماندا نەهاتووە (باسی کۆمەڵەیەکی گەورەی ژنانی سوریا دەکەم کە شانازیە بۆم نوێنەرایەتیان دەکەم) کە ئێمە بە جلوبەرگی تەواوی شەرعیەوە بچین بۆ کۆشکی کۆمارییەکان، بە هەموو هەستی شانازی و شەرەفەوە بە ناسنامەی ئیسلامیەکەمان، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازیمان لێ بکرێت".

هەروەها گووتی 

"زۆر باش لەبیرمە کاتێک لە سەرەتای شۆڕشدا لە زانکۆی حەما بووم، ڕۆژێک پاسەوانەکانی زانکۆ هەوڵیاندا ڕێگریم لێبکەن بچمە ناو کۆلێژەوە چونکە نیقابم پۆشیبوو، یاخود نیقابەکەم داکەنم ئەوکات بۆم هەیە بچمە ژوورەوە، لەو کاتەدا کۆمەڵێک گەنجی ئازاد لە دژی هەڵسانەوە".

واتا وێنەکە هاوسەری شەرع نیشان نادات وەکو لە پۆستە چەواشەکارانەکە ئیدیعا کراوە.

جێگای باسە شەرع لە کانوونی یەکەمی 2024 داوای لە کچێک کردبوو قژی داپۆشێت لە کاتی گرتنی وێنەیەکی یادگاری، لای خۆیەوە شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جێرمی بۆین سەرنوسەر، کە ماڵپەڕی بی بی سی لە 21ی کانوونی یەکەمی 2024 بڵاویکردووەتەوە، وتی 

"من ناچارم نەکرد، ئەمە ئازادی تایبەتی خۆمە، حەزم لێیە بەو شێوەیە وێنە بگرم کە بۆم دەگونجێت".

لە بەرواری 3ی کانوونی دووەمی 2025، شەرع پێشوازی لە (ئەنالینا بێربۆک) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و (ژان نۆئێل بارۆت) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد، کە ڤیدیۆیەک دەرکەوت شەرع تەوقە لەگەڵ بێربۆک ناکات.

لای خۆیەوە، بێربۆک لەبارەی تەوقە نەکردن لەگەڵ شەرع وتی

 "بۆ من ڕوون بوو کە لێرە تەوقەکردنێکی ئاسایی نابێت"، 

ئاماژەی بەوەشکرد، 

"پێموایە بۆ هاوبەشانی دیالۆگەکم بەهەمان شێوە ڕوون بوو، هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنساش دەستی درێژ نەکرد".