ڕاستی گیانلەدەستدانی خۆسێ مۆخیکا کە نازناوی "هەژارترین سەرۆک وەزیران لە جیهان" لێنراوە چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای خۆسێ مۆخیکا ناسراو بە هەژارترین سەرۆک لە جیهان گیانلەدەستدا، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی RTVE News، سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای هەتاکو 20ی کانوونی دووەمی 2025 گیانی لەدەست نەدابوو، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی ئەرجەنتینی گوستاڤۆ سیلڤێسترێ لە 18ی کانوونی دووەمی 2025 لە هەژمارەکەی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس پۆستێکی کردووە کە موخیکا هێشتا لە ژیاندایە، و دەڵێت

: "ئێل پیپی بەردەوامە لە شەڕەکەی و لە کێڵگەکەی کارەکانی خۆی دەکرد"،ئەوەش بە پشت بەستن بە زانیاری لە لوسیا تۆپۆلانسکی، هاوسەری مۆخیکا.

هەر لەو ڕۆژەدا ڕۆژنامەنووس مانۆلۆ ئەلڤارێز سێدینۆ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە:

 "پیپی مۆخیکا وەک ئەوەی بە درۆ دەنگۆی لەسەر دەرکرا، نەمردووە، بەڵام لە ژیاندایە و بە هێمنی چاوەڕێی چارەنووسی دەکات".

خۆسێ مۆخیکا ڕایگەیاند، بەهۆی شێرپەنجەی سورێنچکەوە باری تەندروستی تێکچووە، و گوازراوەتەوە بۆ جگەری، لە بەیاننامەیەکدا بۆ گۆڤاری "بوسکوێدا" دەڵێت:

 "من دەمرم... ئێستا شێرپەنجەکە کاریگەری لەسەر جگەرم هەیە، و... هیچ شتێک نییە بتوانێت بیوەستێنێت، من لە تەمەنێکی گەورەدام و بەدەست دوو نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێنم"

ئاماژەی بەوەشکرد کە نەیتوانیوە بەرگەی نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی بگرێت، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ماڵئاوایی لە هاوڵاتیان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە نیازی ئەوەی هەیە کۆتا ڕۆژەکانی لە کێڵگەیەدا بەسەر ببات کە لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2010 هەتاکو 2015 تێیدا دەمایەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لە کارکردن، و نیازی هەیە وێنەی کەسێکی سادە و ماندوونەناس لەدوای خۆی جێبهێڵێت.

هەروەها گەڕانێکمان ئەنجامدا لە وێبگەڕی (Google) سەبارەت بەو ئیدیعایە، بەڵام نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.

شایانی باسە خۆسێ مۆخیکا بە "هەژارترین سەرۆک لە جیهاندا" ناسراوە بەهۆی ژیانی سادەیەوە تەنانەت لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە خانووی لادێکەی دەژیا، و زۆربەی مووچەکەی بەخشیوەتە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان، لەوەتەی دەستبەکاربووە لە ساڵی 2010ەوە، جگە لە ئۆتۆمبێلێکی کۆنی ڤۆڵکسواگنی مۆدێل 1987 هیچیکەی نەبووە، هەروەها ڕەتیکردەوە خانەنشینی وەربگرێت بەهۆی خزمەتەکەی وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی پیران.