ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕزگاربوونی خانوویەک نیشاندەدات لە سووتان چوونکە کتێبخانەی قورئانی پیرۆزی تێدابووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە ماڵی کەسێکە بەناوی محەمەد پاکستانی، کە تاکە ماڵە ڕزگاری بووە لەو ئاگرەی ئەو ناوچەیەی گرتەوە، دەوترێت چەندین ئەمریکی بوون بە مسوڵمان بەهۆیەوە کە کتێبخانەیەکی تێدایە هەزاران قورئانی پیرۆزی تێدایە.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە ساختەیە، بەو پێیەی وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023 و لە ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە، دوای ئەوەی ئاگر لە بەشێکی شاری ماوی کەوتەوە کە یەکێکە لە دوورگە سەرەکییەکانی ویلایەتی هاوای ئەمریکا و دەکەوێتە زەریای هێمن.

خانووەکە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ ژن و مێردێکی ئەمریکی و خاوەنەکەی بە ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمزی ڕاگەیاندووە، ئەو دەستکاریانەی کە کردوویانە، وەک گۆڕینی سەقفی قیر بە سەقفێکی کانزای قورس و کەمکردنەوەی دارەکانی دەوروبەری خانووەکە، یارمەتیدەر بووە لە پاراستنی خانووەکە لە لەناوچوون جەختی لەوە کردەوە کە ئەم گۆڕانکاریانە بە مەبەستی پاراستنی خانووەکە نەبوون لە ئاگرکەوتنەوە بەڵکو ڕێوشوێنی خۆپارێزی گشتی بوون.

ئەم هەواڵە دوای ئەو ئاگرکەوتنەوانەی ئەم دواییەی کالیفۆرنیا دێت، کە بای بەهێز و وشک بووە سووتەمەنی بۆی، زیانێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە بەپێی وتەی جۆناسان پۆرتەر، سەرۆکی کەشناسیی کۆمپانیای AccuWeather، ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە خراپترین ئاگرکەوتنەوەکانن لە مێژووی کالیفۆرنیا و پێشبینی دەکرێت زیانەکانی لە زیانی وەرزی ئاگرکەوتنەوەی ساڵی 2020 تێپەڕێنێت، کە یەکێک بوو لە چالاکترین وەرزەکان لە ئەمریکا، وایکرد بەرپرسان داوا لە دانیشتووان بکەن کە ئامادەبن بۆ هەر چۆڵکردنێک لە ئەگەری بەردەوامبوونی بایەکە.

شایانی باسە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە 14ی کانوونی دووەمی 2025 ڕاستی وێنەکەی ڕوونکردوەتەوە.