ڕاستی تێکشکانی فڕۆکەیەکی ئاگر کوژاندنەوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی لۆس ئەنجلۆس چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ساتی تێکشکانی فڕۆکەیەک کە یارمەتی دەدا لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2024، کە ساتی تێکشکانی فڕۆکەیەکە بەهۆی پێداکێشان بە وایەری کارەبا لە چیللی، نەک لەم دواییانە لە ناوچەی لۆس ئەنجلۆس وەکو ئیدیعا کراوە.

فڕۆکەکە لەکاتی چوونی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێک کەوتە خوارەوە، دوای ئەوەی لە بەرزاییەکی نزمدا فڕی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خۆی بە تەلی کارەبادا بدات و باڵی لای ڕاستی هەڵبوەشێتەوە و بکەوێتە سەر ڕێگاکە و ئاگر بگرێت.

ئەو ڕووداوە بووە گیانلەدەستدانی فڕۆکەوانەکە و برینداربوونی 4 کەس لە نزیک فڕۆکەخانەی پانگێلیمۆ لە شاری تالکا لە شاری ماولی لە چیللی.

جێگای باسە کە فڕۆکەوانەکە ناوی (فێرناندۆ سۆلانس ڕۆبڵز)ە، تەمەنی 58 ساڵە، ئەزموونێکی زۆری هەیە لە فڕینی فڕۆکەدا وەک ئاگرکوژێنەوە، (کریستینا براڤۆ) پارێزگاری ماولی، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس وتی، "بۆ ئێمە زۆر گرنگە ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بکەین. ئەمڕۆ لە ڕاستیدا فڕۆکەوانێک گیانی لەدەستدا کە لە کۆمپانیای کۆناف کار دەکات و یارمەتیمانی دەدا لە بەرەنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکان"، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی تەلەگرافی بەریتانی کە لە مانگی یەکی ساڵی 2024 بڵاویکردووەتەوە.

شایانی باسە پلاتفۆرمی دۆزینەوەی ڕاستییەکان (مسبار) لە 11ی کانوونی دووەمی 2024 ڕاستی هەمان پۆستی ڕوونکردوەتەوە.

ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەی لۆس ئەنجلۆس

ڕۆژی سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025 ئاگر لە دارستانەکانی لۆس ئەنجلۆس کەوتەوە، کە بای بەهێز و کەشوهەوای وشک یارمەتیدەری بڵاوبوونەوەی ئاگرەکەی بوو بۆ ناوچەیەکی بەرفراوان.

ئەوەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەی لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، ئەوەش بەپێی نووسینگەی پزیشکی دادوەری ناوچەکە.

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، کە ئاگرکەوتنەوەکان لانیکەم هەزاران باڵەخانەیان لەناوبردووە و تا ئێستاش ئاگرەکان بۆ ناوچەیەکی فراوانتر بڵاوبوونەتەوە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچوون.

هەروەها ماڵپەڕەکە لە زاری گرێگ پیرس، پسپۆڕی سەرچاوەکانی ئاو لە زانکۆی کالیفۆرنیا،دەڵێت، "من هیچ سیستەمێکی ئاو لە جیهاندا نازانم کە بۆ ئەم جۆرە کارەساتە ئامادەکرابێت" ، چونکە ئاگرەکان ناوچەیەکی فراوانی ناوچەکەیان سووتاندووە، ئەمەش کۆنتڕۆڵکردنی قورس دەکات.

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی عەرەبی، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە بە تەکنیکی وێنەی کات بەسەرچوون تۆمارکراوە، کە تێیدا سەرهەڵدانی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە باشووری کالیفۆرنیا و بڵاوبوونەوەی خێرایان لە کەنار دەریا و سەرتاسەری شاری لۆس ئەنجلۆس نیشان دەدات.

چەند گرتەیەک بڵاوبوونەتەوە کە ئاسمانی سووری تەمومژاوی لۆس ئەنجلۆس پیشان دەدەن لەگەڵ تەشەنەسەندنی ئاگری دارستانەکان.