ڕاستی هەڵفڕینی فڕۆکەیەکی عێراقی بێ 50 سەرنشین چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "فڕۆکەیەک لە عێراق دەبوایە ٥٠سەرنشین هەڵبگرێ لە بەغدادەوە جانتاکانی بار کردوە بەبێ نەفرەکان و هەڵفڕیوە".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە تیمەکەمان ئەنجامیداوە، هیچ لایەنێکی فەرمی یاخود ڕاگەیاندنێک بەیاننامەی ڕاینەگەیاندووە سەبارەت بەو هەواڵە.

هەروەها دەرکەوت ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ هەڵفڕینی فڕۆکەیەکی هندی لە فڕۆکەخانەی بەنگالوری هندی بەرەو نیودیلهی بێ ئەوەی چاوەڕێی 50 سەرنشین بکات کە لە پاسێکدا بوون لە شوێنی سەرکەوتنی فڕۆکەکە.

فڕۆکەکە سەربە کۆمپانیای Go First "گۆ فێرست" بوو، پێشتر ناسراو بوو بە "گۆ ئەیر"، کە هەڵفڕی لە فڕۆکەخانەی شاری بەنگالور، و لەدوای خۆی 50 سەرنشینی جێهێشت کە لەناو پاسێک چاوەڕوان بوون.