ڕاستی ئەو لێدوانەی وەزیری دارایی تەیف سامی چییە سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستێک بڵاوکراوەتەوە گوایە وەزیری دارایی تەیف سامی، لێدوانی داوە سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانوونی یەکەم، لە بەرامبەردا، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان حکومەتی هەرێمیان تۆمەتبار کردووە بە نەدانی مووچە.
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی وەزیری دارایی، تەیف سامی، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا دووپاتی کردەوە کە وەزارەتەکە بە تەواوی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2024 دابین کردووە، و ڕوونی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەرە بۆ ساڵی 2025، هەروەها ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسیارێتی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە، نەک حکومەتی فیدراڵی.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە 11ی کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی میوانداریکردنی ئەو وەزیر، ڕوونیکردەوە، یەکێک لە دیارترین کۆسپەکانی بەردەم وەزارەت لەکاتی جێبەجێکردنی بودجەی 2024دا ئەو کورتهێنانە بووە کە لە ئەنجامی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە سەریهەڵدا، بەو پێیەی تێچووی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار بوو، هەروەها ئەو وەزیرە دووپاتی کردەوە و ڕایگەیاند، هەرێم هیچ داهاتێکی نەوتی یاخود نا نەوتی ڕادەست نەکردووە، ئەمەش وایکردووە قەیرانەکە خراپتر بێت.
ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەشدا کە هەموارکردنەوەی مادەی 12ی یاسای بودجە هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، ئەم هەموارکردنە دانی باجی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێم دەبەستێتەوە بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ورد لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان، گواستنەوە، و بەکارهێنانی ناوخۆیی، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی ڕادەستکردنی داهاتەکانی هەرێم کردەوە، جا نەوتی بێت یاخود نانەوتی، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی دابینکردنی بودجەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە.
لای خۆیەوە، نوێنەری پەرلەمان سۆران عومەر ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی بڕی 441 ملیار دیناری وەک مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی 2024 ناردووە، هاوکات داوای کرد حکومەتی هەرێم ئەو کورتهێنانە لە داهاتی ناوخۆ پڕبکاتەوە، بەڵام ڕونیکردوەتەوە کە حکومەتی هەرێم زیاتر لە شەش مانگە هیچ داهاتێکی نەگەیاندووەتە بەغدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها بۆ ماوەی 11 مانگ لە ساڵی 2024 مووچەی دابەشکردووە، کە بە پێشێلکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زانیوە.
لیژنەی دارایی پەرلەمان بڕیاریدا لیژنەیەکی لاوەکی پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوون بۆ باجەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2024 و 2025، جگە لە دیراسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری کرداری بۆ قەیرانی دارایی.