ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە شێوازی دروستکردنی دوو زەردێنەیە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "دروستکردنی هێلکەی دەبڵ زەردێنە، تکایە کەس نەیکڕێ، چونکە لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرزی دروستدەکرێت".
ڕاستییەکە:
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە بەشێکە لە فیلمی (The Substance)، نەک دروستکردنی دوو زەردێنە وەکو ئیدیعا کراوە
بەو پێیە لە کاتی گەڕانی پێچەوانە بۆ گرتەیەکی ڤیدیۆکە گەشتین بە چەندین ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی کە ڤیدیۆکەی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەیان پێداوە کە ئەو ڤیدیۆیە بەشێکە لە فیلمێک بە ناوی (The substance) کە بە کوردی واتا (ماددە).
جێگای باسە، هێلکەی دوو زەردێنە کاتێک دروست دەبێت کە مریشک دوو زەردێنە لە یەک توێکڵدا دەربدات ئەو هێلکەیەی کە دوو زەردێنەی هەیە بە شتێکی دەگمەن دادەنرێت، چونکە ڕێژەی دۆزینەوەی هێلکەی دوو زەردێنە یەکە لە 1000 هێلکە، ئەوەش بەپێی ڕۆژنامەی ( The Times Of India)، هەروەها بێ زیان دادەنرێت و کاریگەری نییە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بڕێکی زیاتر لە پرۆتین و کۆلیسترۆڵی تێدایە لە چاو هێلکەی یەک زەردێنە.
ڕووداوەکانی ئەم فیلمە کە لە ساڵی 2024 بەرهەم هێنراوە و لە نووسین و دەرهێنانی خانمی فەرەنسی (کۆرالی فارگێت)ە کە باسی دۆزینەوەی چارەسەرێکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیربوون دەکات، لە فیلمەکەدا باس لەوە دەکات کە کاتێک ڕاهێنەری بەناوبانگی ئایرۆبیک ئەلیزابێس (دیمی مۆر) تەمەنی پەنجا ساڵە و نیشانەکانی پیربوونی تێدا دەردەکەوێت، "چرچ و لۆچی" لەلایەن کارگێڕانی تەلەفزیۆنەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە لە کارەکەی دووردەخرێتەوە و ئەستێرەیەکی گەنجتر و جوانتر لە شوێنی دادەنرێت، لەدوای ئەوە ڕووداوەکانی (ماددە) دەست پێدەکات، کۆمپانیایەک نەناسراو بەدوای کەسانێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەو ماددەیان لەسەر تاقیبکاتەوە، کە لە ئەنجامدا کۆپییەکی هەمان کەس دروست دەکات بۆ ئەوەی "گەنجتر و جوانتر"دەربکەوێت، جگە لەوەش فیلمەکە چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.