ڕاستی ئەو وێنەی ماڵی هونەرمەند ئاشتی حەدید چییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا گوایە هونەرمەند "ئاشتی حەدید" خانوویەکی لە هەولێر کڕیووە بە بەهای یەک ملیار و 600 ملیۆن دیناری عێراقی.
ڕاستییەکە
ئەو پۆستە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو وێنەیە هاوپێچکراوە ماڵی هونەرمەند ئاشتی حەدید نییە، وێنەکە لە "هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر (شێراتۆن)" لە هەولێر گیراوە، ئەم وێنەیە بەشێک بووە لە دانیشتنێکی وێنەگرتن کە هونەرمەندەکە لەسەر هەژمارە فەرمییەکەی لە پلاتفۆرمی "ئینستاگرام" لە مانگی ئەیلولی 2024 بڵاویکردووەتەوە، ئەو ڤیدیۆیەی هاوپێچ کراوە لەگەڵ وێنەگرتنەکەدا بە ڕوونی هۆتێلەکە پیشان دەدات، ئەمەش ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە کە وێنەکە لە خانوویەک گیراوە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ هونەرمەندەکە.
لەکاتی بەراوردکردنی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ ئەو وێنانەی کە لە ماڵپەڕی فەرمیی هۆتێل شیراتۆنی هەولێر بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە لێکچوونێکی تەواو لە دیزاین و دیکۆری مۆبیلیاتەکەدا هەیە، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە وێنەکان لە هۆتێلەکە گیراون، نەک لە ماڵی ئەو هونەرمەندە.
تا ئێستا هونەرمەند ئاشتی حەدید هیچ لێدوانێکی فەرمی بڵاونەکردوەتەوە لەسەر ئەو بابەتە، پێشتریش لە هیچ چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی یاخود لێدوانی میدیایی باسی لە نرخی خانووەکەی نەکردووە بەڵام بە پێداچوونەوە بەو ناوەڕۆکەی کە لەسەر هەژمارەکەی بڵاویکردووەتەوە، ڕوونە کە ئەو وێنە و ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە پەیوەندی بە دانیشتنێکی وێنەگرتنەوە هەیە کە لە هۆتێلەکە بەڕێوەچووە، و هیچ پەیوەندییەکی نییە بە خانووە تایبەتەکەی.