ڕاستی دۆزینەوەی کتێبخانەیەک چییە کە هەزاران کتێبی مێژوویی و کۆنی تێدایە لە یەکێک لە تونێلەکانی سوریا؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "لە تونێلێکی سوریا کتێبخانەیەک دۆزرایەوە، کە بە هەزاران کتێبی مێژوویی و کۆنی تێدایە".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیە کتێبخانەیەکی پشتگوێخراو نیشاندەدات لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، ڤیدیۆکە لەلایەن جێرمی بلایدل تۆمارکراوە کە ناوەڕۆکی دۆزێنەوە و سەردانیکردنی ئەو شوێنانەیە کە دەگمەن و جێهێڵدراون، ڤیدیۆکەی لە بەرواری 17ی کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر هەژماری ئینستاگرامەکەی بڵاوکردوەتەوە.

جێریمی ئاماژەی پێداوە کە پێدەچێت ئەو کتێبخانەیە بگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1910-1920، ئەو کتێبخانەیە تووشی زەرەرێکی زۆر بووە بەهۆی شێ و کەڕوو، هەروەها ڤیدیۆکەی لەسەر هەژماری تیک تۆکەکەی بڵاوکردوەتەوە بە ناونیشانێک کە پەیوەندی بە "شوێنە بزربووەکان و سەرکەشی و جیهانی ژێرزەوی"، لە هیچ بابەتێکدا ئاماژەی پێنەداوە کە ئەو کتێبخانەیە پەیوەندی بە سوریاوە هەبێت.

جێی باسە پێشتر ڕاستی هەمان پۆستی چەواشەکارانە ڕوونکراوەتەوە لەلایەن پلاتفۆرمی (تأكد) کە تایبەتە بە دۆزینەوەی ڕاستییەکان.