ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە دەستگیرکردنی بەڕێوبەری زیندانی سەیدنایا نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت"دەستگیرکردنی بەڕێوبەری زیندانی سەیدنایا تەڵاڵ مەخلوف خوشکەزای ئەنیسە مەخلوف خێزانی حافز ئەسەد و ڕەفیقی هەرە نزیکی باسل و بەشار".

ڕاستییەکە

ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت لە کاتی هەڵمەتێکی ئۆپۆزسیۆن دژی هاوکارەکانی ڕژێمی ئەسەد لە شاری جەبلەی سوریا دەستگیرکراوە، ئەو کەسە لەگەڵ سوپای پێشووی سوریا لە شاری جەبلە کاری کردووە، لەلایەن فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاوە دەستگیرکراوە لە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەفسەر و سەرباز و هاوکارەکانی سوپای سوریای پێشوو، ئاماژەی پێکراوە کە شێوەی دەموچاوی ئەو کەسە جیاوازە لەگەڵ تەڵاڵ مەخلوف، هەروەها لە ئێستادا هیچ ڕاپۆرتێک نییە کە دەستگیرکردنی تەلال مەخلوف پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها هیچ زانیارییەک نییە سەبارەت بە شوێنی مانەوەی.

سەبارەت بە تەلال شەفیق مەخلوف، فەرماندەی پاسەوانی کۆماری، ناوی لە لیستی 18 بەرپرسی سەربازی و سیاسی لە حکومەتی سوریادا هاتووە، کە ئەمریکا لە ساڵی 2017 سزای بەسەریاندا سەپاند، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی قەدەغەکردن چەکی کیمیایی، کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا پشتڕاست کردبووەوە لە ماوەی ساڵانی 2014 و 2015.

هەروەها هەتاکو ساتی نوسین و بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستە هیچ زانیارییەک نییە سەبارەت بە ناسنامە و ناوی ئەو کەسەی زیندانی سەیدنایای بەڕێوەدەبرد.