ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە دزینی کورسی سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ ئیدیعایەک گوایە دزینی کورسی سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد نیشاندەدات، کە خێزانی ئەسەد چەندین ساڵ شەڕی بۆ کرد.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو وێنەیە کۆنە و لە عێراقە نەک لەم دواییانە لە سوریا.

گەڕانێکی پێچەوانەمان بۆ وێنەکە ئەنجامدا، بۆمان دەرکەوت کە لە ماڵپەڕی بەناوبانگی GettyImages تایبەت بە وێنە بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ وەسفێکدا کە تێیدا هاتووە لەلایەن فۆتۆگرافەری نەرویجی (ئۆد ئەندرسن) بۆ France-Presse وێنەکەی گرتووە لە 12ی نیسانی 2003، بەگوێرەی وەسفەکە لە وێنەکەدا "دزێک کورسییەک لە کۆشکی سەرەکی سەدام حوسێن لە بەغدا دەبات"، ئەوەش لە دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر پایتەختی عێراقدا گرت و کۆشکەکانی سەرۆکایەتی و فەرمانگەکانی دەوڵەت توشی دزی و تاڵانکردن بوو.

دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیە لەگەڵ ئەو دەقە چەواشەکارانەیە دوای ئەوە دێت کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەدیان ڕاگەیاند دوای هەڵاتنی ئەسەد، هەروەها کۆمەڵێک هاوڵاتی سوریا هەڵیانکوتایە سەر کۆشک و بارەگاکانی و کەلوپەلەکانیان دزی، ئەوەش بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە.