ڕاستی تیرۆرکردنی تۆفیق ئەلبوتی لە دیمەشق چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "تۆفیق ئەلبوتی کوڕی محەممەد سەعید ڕەمەزان ئەلبوتی لە دیمەشقی پایتەخت لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی تیمەکەمان گەڕانێکی ئەنجامدا و بۆمان دەرکەوت کە تۆفیق ئەلبوتی، کوڕی سەرۆکی پێشووی زانایانی شام محەمەد سەعید ڕەمەزان ئەلبوتی، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردوەتەوە لە بەرواری 11ی کانوونی یەکەمی 2024 تێیدا هەواڵی کوژرانی ڕەتدەکاتەوە.

تۆفیق ئەلبوتی کوڕی محەمەد ڕەمەزان ئەلبوتییە سەرۆکی پێشووی یەکێتی زانایانی شام، کە لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە ناوەڕاستی دیمەشق لە مزگەوتی ئیمان ساڵی 2013 کوژرا، کە ڕژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بە کوشتنی.

تۆفیق ئەلبوتی چەندین پۆستی دیار و بەرچاوی هەبووە، لەوانە سەرۆکی یەکێتی زانایانی شام، هەروەها پرۆفیسۆری یاریدەدەری فیقهی ئیسلامی و بنەماکانی لە فاکەڵتی شەریعەت لە زانکۆی دیمەشق.

هەروەها سەرۆکی دەستەی چاودێری شەرعی بووە لە "کۆمپانیای سوری ئیسلامی بۆ بیمە"، هەروەها ئەندامی دەستەی چاودێری شەرعی بووە لە "بانکی شام".