ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە لەم دواییانەدا بڵاوکراوەتەوە گوایە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیە لەگەڵ بەشار ئەسەد لە دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکەی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە دوای ڕاکردنی بەشار ئەسەدە لە سوریا، لە ڤیدیۆکەدا ژێرنوس کراوە گوایە ئەسەد خاوەندارێتی زیندانی سەیدنایا ڕەتدەکاتەوە و وڵاتەکەی خۆشدەوێت و یارمەتی هەژارانی داوە.

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە، ساتی گەیشتنی سەرۆکی پێشووی سوریا (بەشار ئەلئەسەد) بۆ پەکینی پایتەختی چین نیشاندەدات لە مانگی ئەیلوولی 2023، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاست بەرز دوای سەردانەکەی بۆ شاری هانگژۆ لە ڕۆژهەڵاتی چین، کە لەو کاتەدا لەگەڵ سەرۆکی چین کۆبووەوە و بەشداری مەراسیمی کردنەوەی نۆزدەهەمین یارییەکانی ئاسیای کرد.

سەبارەت بەو ژێرنووسەی هاوپێچکراوە بە زمانی کوردی، هەڵەیە بەو پێیەی پەیامنێری تۆڕی تەلەفزیۆنی نێودەوڵەتی چین (CGTN) بەخێرهاتنی ئەسەد دەکات بۆ پەکین و لە هەستی دەپرسێت کە دوای نزیکەی دوو دەیە سەردان چینی کردووە، ئەسەد لە وڵامدا دەڵێت: هەست دەکەم لە وڵاتی خۆمم، دوای ئەوە پەیامنێرەکە سەبارەت بە ڕای ئەو دەپرسێت بە کردنەوەی یارییەکانی ئاسیا و هیوادارە لەم سەردانەدا چی بەدەستبهێنێت.

واتا ئەسەد باسی زیندانی سەیدنایا و خاوەندارێتی نەکردووە وەکو ئیدیعا کراوە

سەیدنایا یەکێکە لە زیندانەکانی ڕژێمی پێشووی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەسەد، کە تیایدا کوتلەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراوەکانیان ڕزگارکرد، کە چەندین چیرۆک و شایەتحاڵی زیندانیانی ئاشکراکرد کە ساڵانێکی دوورودرێژی ژیانیان لەوێ بەسەر بردووە و هەندێکیشیان ڕووبەڕووی توندترین شێوازی ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.