ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئازادکردنی زیندانییەکی ئافرەتی سوری نیشاندەدات کە ئەقڵی لەدەستداوە بەهۆی ئەشکەنجەوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت: "ئافرەتێک لە زیندانێکی سووریا بەهۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە عەقلی لەدەست داوە و کاتێک دەبینێت ئازاد کراوە بەردەوام دەڵێت: سەرکەوتین سووریا، پیرۆزە سووریا".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیە لەلایەن دروستکەرێکی ناوەڕۆک بڵاوکراوەتەوە بەناوی (ئوسامە عەلی تەفتناز)، ڤیدیۆکەی لە بەرواری 8ی کانوونی یەکەمی 2024 لە تیک تۆک بڵاوکردوەتەوە، هەروەها بە پێداچوونەوە بەو ڤیدیۆیانەی لە هەژمارەکەی بڵاوی دەکاتەوە بۆمان دەرکەوت کە ئەو کەسە پیاوە نەک ئافرەتێک لە یەکێک لە زیندانەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووی سوریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد وەکو ئیدیعا کراوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە لەگەڵ ئەو ئیدیعا ساختەیە دوای ئەوە دێت کە کوتلە چەکدارەکان لە بەرواری 8ی کانوونی یەکەمی 2024 کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد و کۆتاییان هێنا بە دەسەڵاتی ڕژێمی (بەشار ئەسەد)، چەندین ڤیدیۆی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی زیندانی (سەیدنایا) لە ریفی دیمەشق بڵاوکراوەتەوە، دوای ئازادکردنی زیاتر لە 3500 دەستبەسەرکراو لە زیندانی ناوەندی حومس.