ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە لەم دواییانەدا بڵاوکراوەتەوە گوایە هێزێکی چەکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە هاوڵاتییەکی هەڵواسراو بە دەرگایەکەوە ئەشکەنجە دەدەن؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "هاوشێوەی حوكمی چەكدارەكانی بەشار ئەسەد، هێزە میلیشیاكانی عێراق كەوتوونە ئەشكەنجەدانی هاوڵاتیان".

ڕونکردنەوە

تیمەکەمان گەڕانێکی پێچەوانەی وێنەی ئەنجامدا لە ڕێگای وەرگرتنی چەند وێنەیەک لە ڤیدیۆکە، گەشتین بە ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی کە ڤیدیۆکەی لە ساڵی 2014 بڵاوکردوەتەوە، لە ڕێگەی ئەو قوربانییەی کە ئەشکەنجە دەدرا و داوای یارمەتی دەکرد بە شێوەزاری ناوخۆیی، ئەوە ڕوون بووەوە کە ڤیدیۆکە لە عێراق تۆمارکراوە، بەڵام نەمان توانی بە وردی دیاری بکەین کە کام پارێزگا یاخود ناوچەیە.

لە وەڵامی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو و ئەو ئیدیعایەی کە دەڵێت "پۆلیس هاووڵاتییەک لە پارێزگای ذی قار ئەشکەنجە دەدات"، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بڵاویکردووەتەوە، ڕونیکردوەتەوە کە ئەو گرتە ڤیدیۆیە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای سەڵاحەدین.

هەروەها وەزارەتەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو ئەفسەرانەی پۆلیس گیراوەتەبەر کە لەو کاتەدا یاسایان پێشێل کردووە.