ڕاستی بنیاتنانی پڕۆژەیەک بەناوی ئەنفال لە شوێنی هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "پرۆژەیەک بەناوی (ئەنفاڵ) کۆمپلێکس لە شوێنی هۆڵی سەعد عبداللە دروست دەکرێت".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، دوای ئەو گەڕانەی کە تیمەکەمان ئەنجامیدا، دەرکەوت کە هەریەک لە ڕاگەیاندنی پاریزگای هەولێر و پارێزگاری هەولێر لە ڕێگای هەژمارە فەرمیەکانیان هەواڵی دروستکردنی پڕۆژەیەک لە شوێنی هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا و بەشێک لە پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان ڕەتکردوەتەوە.
سەعد عەبدوڵڵا کێیە؟
سەعد عەبدوڵڵا یەکێکە لە بەرپرسەکانی کورد کە لە ساڵی 2004 لەکاتی بەئامانجگرتنی بارەگایەک لە شاری هەولێر تیرۆر کراوە و ئەو هۆڵەش بە یادی ئەو ناونرا.
هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بە یەکێک لە بەناوبانگترین هۆڵەکانی کۆنفڕانس دادەنرێت، بەو پێیەی میوانداری گرنگترین کۆنفرانسەکانی شارەکە و کۆبوونەوەی سەرۆکی دەوڵەتان و شاندە دیپلۆماسییە پلە باڵاکان لەوێ دەکرێت.