ڕاستی ئەو زانیاریە چییە گوایە سەرژمێری گشتی لە عێراق هاوسەرگیری نهێنی پیاوان ئاشکرا دەکات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دەستەی سەرژمێری عێراق، هەر ژن و پیاوێک بە نهێنی جیابووبێتنەوە یان ئەو پیاوانەی ژنی دووەم و سێیەمیان بە نهێنی هێنابێت ئاشکرا دەبن".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان عەبدول زەهرا ئەلهەنداوی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی
"ئامانجی سەرژمێری دانیشتوان گەشەپێدانە، بەو پێیەی پرسیارەکان تیشک دەخەنە سەر نیشتەجێبوون، چالاکییە ئابوورییەکان، ژمارەی ئەندامانی ماڵەکە و ژمارەی ژوورەکان، هەروەها جۆری کارەکانیان (تایبەت یاخود حکومی)".
لای خۆیەوە، جێگری سەرۆکی دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاری جوگرافی لە وەزارەتی پلاندانان، مەکی غازی ئەلمحەمەدی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند،
"هیچ زانیارییەکی نهێنی سەبارەت بە هاووڵاتیان لە فۆڕمی سەرژمێریدا نییە، و هەموو داتاکان لە کارتی نیشتمانی هەیە"
و جەختی کردەوە
"ئەزموونی پێشوومان هەیە کە داتاکان دزەی پێنەکراوە."
شایانی باسە دوایین سەرژمێری کە عێراق ئەنجامی داوە لە ساڵی 1997 بووە، بەڵام بەهۆی بەشداری نەکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان سەرژمێرییەکە تەواو نەبوو چونکە لەو سەردەمەدا کوردستان دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی هەبوو لە حکومەتی بەغدا.
سەبارەت بە فرەژنی، لە بڕگەی چوارەمی مادەی سێی یاسای هەموارکراوی باری کەسیی عێراقی ژمارە 188ی ساڵی 1959دا هاتووە کە "نابێت لەگەڵ زیاتر لە ژنێک هاوسەرگیری بکرێت مەگەر بە مۆڵەتی دادوەر، و بۆ پێدانی مۆڵەتیش دەبێت دوو مەرج جێبەجێ بکرێت:
- -مێردەکە دەبێت توانای دارایی هەبێت کە زیاتر لە ژنێک بژیێنێت.
- - دەبێت بەرژەوەندییەکی ڕەوا هەبێت.
هەروەها لە یاسای سەرەوەدا هاتووە کە لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دادگا بۆ هاوسەرگیری ژنی دووەم، دەبێت ژنی یەکەم ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگا ئامادە بێت بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆی بڵێت.