ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕووداوێکی تەقەکردن و کوشتن لە شەقامی 40 مەتری هەولێر نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "لە ڕووداوێکی تەقەکردندا ئەمشەو لە شاری هەولێر کەسێک کوژرا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شەڕەکە لە نێوان چەند کەسدا ڕوویداوە لە شەقامی 40 مەتری".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیە ڕاستی نییە، بەو پێیەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی بڵاوکردوەتەوە لە بەرواری 3ی کانوونی یەکەمی 2024، کە تێیدا ئاماژەی پێداوە، دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ڤیدیۆکە لەلایەن چەند گەنجێکەوە تۆمار کراوە لە شێوازی کورتە فلیمێک بۆ سیمینار لە پەیمانگاکەیان، دوای ئەوە ڤیدیۆکە مۆنتاج کراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و هیچ جۆرە چەکێک بەکار نەهاتووە لە ڤیدیۆکە.

ئەمەش لەلایەن (کاردان ساڵح) ، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو پشتڕاستکرایەوە، کە ڤیدیۆکە تەنها سیناریۆیەکە لەلایەن خوێندکارانی بەشی کارگێڕی یاسایی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دروستکراوە.