ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە کۆشکی بەلقیس لە یەمەن نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "قە سری بەلقیس یان عەرشی بەڵقیس لە ناوچەی سەبا لە یەمەن".

ڕاستییەکە

ئەو پۆستەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە لە ڕێگای یەکێک لە بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، لە کاتی پشکنینی وێنەکە بە ئامرازی (Hive Moderation) ئەنجامەکەی دەریدەخات کە وێنەکە بەڕێژەی (99%) بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، هەروەها تیمەکەمان گەڕانێکی بەرفراوانی ئەنجامدا بۆ لێکۆڵینەوە لە هەبوونی شوێنەوارێکی مێژوویی بەو دیزاینە بەڵام نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە بیسەلمێنێت ئەو شوێنە بوونی هەیە.

جێی باسە گەشتین بە پەرستگای (برئان)، یاخود ناسراو بە (تەختی بەلقیس)، لە پارێزگای مەئرب، بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانی یەمەن دادەنرێت، جێگای سەرنجە مێژووی پەرستگاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شاژنە بەلقیس کە لە سەدەی دەیەمی پێش زایین حوکمڕانی شانشینی سەبەئی دەکرد، ئەو شوێنەوارە ساڵی 1988 دۆزرایەوە دوای گەڕان بۆ شوێنەوار لەلایەن گروپێک نێردراوی بیانی.

واتا ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە ڕاستی نییە، هەروەها نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە بیسەلمێنێت شوێنەواری مێژوویی هاوشێوە بوونی هەبێت لە یەمەن.