ڕاستی ئەو وێنەیە چییە کە لەژێر ناونیشانی "دروستکردنی خێراترین پرد لە پارێزگای دیوانییە" بڵاوکراوەتەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ولاتی سین گەڕاوە پلەی دووەم دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی عیراق بە دروست کردنی خێراترین پرد ( جسر ) لە پارێزگای دیوانیە".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە ساختەیە، لە دوای ئەنجامدانی گەڕانی پێچەوانە بۆ وێنەکە، دەرکەوت وێنەکە ساڵی 2022 تۆمار کراوە لە کەرتی غەزە، لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە لافاو لەو ناوچەیەی داوە بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆیەک، دەبینین شەقام و شۆستەکە بە بڕێکی زۆر ئاو داپۆشراوە، ئەمەش وایکردووە دانیشتوانەکەی ئەو پارچە دارانە بەکاربهێنن بۆ پەڕینەوە لە ڕێگاکە کە لە عێراق بە "سکێپە" ناسراوە، ئەو پاڵەپەستۆیە نزمە لە کانوونی دووەمی 2022 غەزەی گرتەوە و بووە هۆی لافاو لە زۆرێک لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.

هەروەها لە ئێستادا هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی سەبارەت بە کردنەوەی پردێکی نوێ لە دیوانیە نەدۆزرایەوە، چی لە ڕێگەی میدیای ناوخۆییەوە بێت یاخود لە ڕێگەی وێبگەڕی گووگڵ، هەروەها ئەم بانگەشەیە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە بڵاوکراوەتەوە.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2025 خۆپیشاندانێکی بەرفراوان پارێزگای دیوانییەی گرتەوە کە داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییان دەکرد، لە کاتێکدا دەیان دانیشتووی دیوانیە خۆپیشاندانیان کرد و داوایانکرد حکومەتی خۆجێی خزمەتگوزاری پێشکەش بکات هەروەها کارەکانی ئەو کۆمپانیایە ئیسپانییەیان ڕەتکردەوە کە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک گەڕەکی پێسپێردرابوو، ئاماژەیان بە کەمیی خزمەتگوزارییەکان کرد لە گەڕەکەکانیان، هەروەها لە قەزای لە ئەلبدێر، دانیشتوانی قەزاکە خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ڕێکخست بۆ داواکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی دابینکردنی بەشە ئاو بۆ جووتیاران، دەیان لە دانیشتوانی قەزاکەش خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان لەناو قەزاکەدا ئەنجامدا، داوای باشترکردنی بارودۆخی ئەو ناوچانەیان کرد کە کاریگەری وشکەساڵی لەسەرە.

شایانی باسە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، سەبارەت بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە ڕێگاوبان و پردەکانی پارێزگای دیوانیە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "پڕۆژەکە دوو قۆناغ لەخۆدەگرێت؛ قۆناغی یەکەم نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ڕێگای دیوانییە - نەجەف (ڕێگای گەڕانەوە) بە درێژایی 19 کیلۆمەتر، دابەشکراوە بەسەر چوار بەشدا، لەکاتێکدا قۆناغی دووەم پەیوەندی بە چاککردنەوەی ڕێگای سنیە - ئەلبونایل هەیە کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بریتییە لە فراوانکردنی ڕێگاکە بە دوو مەتر، ڕشتنی چەو، ڕشتنی ڕێگاکە، و کۆنکرێت کردنی، جگە لە قیرتاوکردنی ڕێگاکە و یەکسانکردنی شانەکان، و دانانی هێمای هاتووچۆ، ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 52%، و پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی 2025 تەواو بکرێت، قۆناغی دووەم بریتییە لە لابردنی قیرە زیانلێکەوتووەکە، و بڵاوکردنەوەی بەرد و بەردی وردکراو، و یەکسانکردنی خاکەکە، جگە لە کارەکانی ڕووپۆشکردن، ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 14%، و پێشبینی دەکرێت تەواوبوونی پڕۆژەکە ئاسانکاری بکات بۆ هاتوچۆ و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت لە قەزای سنییە.

شایەنی باسە ماڵپەڕی میسبار ڕاستی وێنەکەی لە 19ی کانوونی دووەمی 2022 بڵاوکردوەتەوە.