ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە وێنەی کەسێکە بە ناوی "ئەبو دوجانە تورکستانی" کە بەم دواییانە لە سوریا کوژراوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی کەسێک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت"ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا تیرورستی تەحریری شام آبو دوجانة ترکستانی لە ئیدلیب توپاند، ئەم تیرۆرستە دەستی هەیە لە کوشتنی دەیان هاوڵاتی بێتاوانی سوریایە".

ڕاستییەکە

وێنە هاوپێچکراوەکە وێنەی کەسێکی ئۆزبەکییە بە ناوی (ئەیوب هوک) کە وەک ڕاهێنەری شەڕکردن لە گروپی Muhajir Tactical کاردەکات، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری ئینستاگرامی گروپەکەدا بڵاویکردووەتەوە هەواڵی مردنی ڕەتکردەوە.

ئەو گروپە تاکتیکییە لەلایەن دوو چەکداری جیهادی ئۆزبەکستانی کە لە سوریا چالاکی دەکەن دامەزراوە، ئەبو ساڵح شامی و ئەیوب هوک، کە دووەمیان نەک هەر دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپی تاکتیکی جیهادییە بەڵکو ڕاهێنەری سەرەکییە و لە هەموو گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت.

بڵاوبوونەوەی وێنەکانی هوک لەگەڵ ئیدیعای گیانلەدەستدانی، دوای ئەوە دێت کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2025، "جێبەجێکردنی هێرشێکی ئاسمانی ورد لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕاگەیاند، کە توانی لە ڕێگایەوە محمد سەڵاح ئەلزوبەیر بە ئامانج بگرێت، کە یەکێکە لە ئەندامە دیارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی پارێزەرانی ئایین، کە سەر بە ڕێکخراوی قاعیدەیە."

لەم دواییانەدا لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە لە گۆڕەپانی سوریا ڕوودەدەن، ڕێکخراوی پارێزەرانی ئایین هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند، ئاماژەیان بەوە داوە کە "پێشهاتەکانی ئەم دواییە" وای لێکردووە "بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات".

بەپێی ماڵپەڕی ئەلحورە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی بەیاننامەیەکدا کە لە کەناڵەکانی "تێلیگرام" بڵاویکردووەتەوە، ڕوونیکردووەتەوە، ئەو بڕیارە بە "رێنمایی ئەمیری" لە فەرماندەیی گشتی قاعیدە دەرچووە، ئەوەش دوای چەندین ساڵ لە دابەزینی کاریگەرییەکان و کەمبوونەوەی دەسەڵاتی لە باکووری سوریا.

جێگای باسە پلاتفۆرمی "تأكد"ی سووری بۆ پشکنینی ڕاستییەکان، پێشتر ڕاستی ئەو وێنانەی ڕوونکردوەتەوە.