ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە قوباد تاڵەبانی مامۆستا مانگرتووەکان بە "حەشامات" ناودەبات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە قوباد تاڵەبانی مامۆستایانی مانگرتوو توڕە دەکات و بە "حەشامات" ناویان دەبات، و دەڵێت ئیشم پێیان نییە.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە ڕوون نیە، بەو پێیەی ئەو تۆمارە دەنگیە دەگەڕێتەوە بۆ چاوپێکەوتنێک کە لە ساڵی 2023 لەگەڵی ئەنجامدراوە، بە دیاریکراوی لە خولەکی 2:39:45، لەو کاتەدا دەڵێت:

"من پێویستیم بەوە نیە حەشامات کۆ بکەمەوە، ڕاستە کاتی هەڵبژاردنە ئیتر دێینە سەر ئەوە حەشامات کۆ ئەکەینەوە، ئەوە ڕۆی، ئەوە ڕۆی ناخوا".

هەروەها وتی:

" من خۆم ئەوەندە بە موهیم نازانم، ئەگەر سبەینێ قوباد جێگری سەرۆکی حکومەت نەبێ حکومەت ناڕوخێ، بە عەکسەوە لەوانەیە کەسێکی تر بێتە شوێنەکەم کە لە من زۆر باشتربێت، نەک هەر لەوانەیە دڵنیام لەوە، سیستەمەکەمان گۆڕاوە، عەقڵیەتی شۆڕش پێویست بوو بۆ شۆڕش، ئێستە ئێمە لە قۆناغی بەڕێوەبردنین، بەڕێوەبردنیش پێویستی بە سکیڵ و توانایەکی ترە، من پێویستیم بەوە نیە حەشامات کۆ بکەمەوە، ڕاستە کاتی هەڵبژاردنە ئیتر دێینە سەر ئەوە حەشامات کۆ ئەکەینەوە، ئەوە ڕۆی، ئەوە ڕۆی ناخوا، ئێستە ئەبێت ئاو هەبێت، ئاوەڕۆمان هەبێت، ئەبێت کەرتی پەروەردە هەبێت، کەرتی خوێندنی باڵا بەهێزبکرێت، بازاڕ هەبێت، باسی بیمەتان کرد باسی داهێنانتان کرد، عەقڵیەتی شۆڕشەکە ئەوە بوو ئەو شۆڕشە بکەین و ببین بە ساحێبی ئەم هەرێمەی کە ئەمڕۆ تیایا ئەژین".

واتا ئەو تۆمارە دەنگیەی بڵاوکراوەتەوە لێدوانی قوباد تاڵەبانی نییە دەربارەی مامۆستایانی مانگرتوو وەکو ئیدیعا کراوە.

لە بەرواری 3ی شوباتی 2025، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پاڵپشتی خۆی بۆ داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و سەرجەم گروپەکانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، جەختی لەسەر گرنگی دڵنیابوون لە پێدانی مووچە و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان کردەوە، هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێهێنا بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەم قەیرانە بدۆزێتەوە.

شایەنی باسە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بەربڵاوی مامۆستایان دەبێتەوە بەهۆی دواکەوتنی مووچە و داواکاری باشترکردنی باری گوزەرانیان، هەندێکیان پەنایان بردۆتە بەر مانگرتن یاخود وەستاندنی وانەوتنەوە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر حکومەت.

لەشاری سلێمانی، ژمارەیەک مامۆستا مانگرتنیان لە نان خواردن هەڵبژارد بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی باری تەندروستییان، هەروەها هەزاران کەسیش بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتووان ڕژانە سەر شەقامەکان، هاوکات دەسەڵاتدارانی هەرێم کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و پەرلەمان ئەنجامدا، لە هەوڵێکدا بۆ فشارخستنە سەر بەغدا بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەکی ڕێک.