ڕاستی ئامادەنەبوونی هێشوو غەریب لە دانیشتنی پەرلەمان و سوێند خواردنی دەستووری بەهۆی نەخۆشییەوە چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "هێشوو غەریب، کاندیدی دەرچووی نەوەی نوێ بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە نەیتوانی ئامادە ببێت و سوێندی یاسایی بخوان".
ڕاستییەکە
ئە هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی (هێشوو غەریب) کاندیدی دەرچووی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بوو و سوێندی یاسایی خوارد وەکو ئەندامێکی پەرلەمان.
پەڕەی فەرمی پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبووک وێنەی ئەو ئەندامانەی بڵاوکردوەتەوە کە سوێندی یاساییان خواردووە و وێنەی هێشوو غەریب لە ناو وێنەکانە.
هەروەها هێشوو غەریب ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئامادەنەبوونی دەکات بۆ سوێند خواردنی یاسایی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، هەروەها لە پۆستەکەدا ڤیدیۆیەکی هاوپێچ کردووە کە ساتی سوێند خواردنەکەی نیشان دەدات لە پەرلەمان، کە ئەوەی دووپات کردووەتەوە لە ڕوونکردنەوەکەی.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خولی شەشەمی لە بەرواری دووشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2024 دەستپێکرد، و یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا، بە سەرۆکایەتی محەمەد سلێمان، سەرۆکی تەمەن، کە لەدایک بووی ساڵی 1948 و سەربە نەوەی نوێیە.