ڕاستی دوورخستنەوەی عەلی ئەلعەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کارەکەی بەهۆی پشتگیریکردنی لە پڕۆژەی هەژماری من چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "بەپەلە سەرۆکی بانکی فیدراڵی عێراق لەسەر پشتگیری بۆهەژماری من ناردیانە وە لۆمارێ".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، لە کاتی گەڕان بۆ لێکۆڵینەوە لەو هەواڵە، نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، بەو پێیەی هیچ کام لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران یاخود ئەنجومەنی وەزیران هەواڵی دورخستنەوەی (عەلی ئەلعەلاق) لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕانەگەیاندووە.
هەروەها هەتاکو کاتی نووسینی ئەم پۆستە، ئەلعەلاق بەردەوامە لە کارەکانی وەکو پاریزگاری بانکی ناوەندی، پەڕەی فەرمی بانکی ناوەندی لە بەرواری 12ی تشرینی دووەمی 2024 پۆستێکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا پێرۆزبایی دەکات لە پسپۆڕانی کوالیتی لە بانکی ناوەندی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کوالێتی.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ ئاشکراکردنی جوڵانەوەیەک لەناو لێژنەکە و ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمان محەمەد نوری لە بەرواری 11ی تشرینی دووەمی 2024، بۆ لێپرسینەوە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق (عەلی عەلاق) بەهۆی هەبوونی چەندین دۆسیە لە دژی کە گرینگترینیان کۆنتڕۆڵ نەکردنی سەقامگیری نرخی دۆلارە و باڵادەستی بانکە ئەهلییەکان لە فرۆشتنی دۆلار، لە، ئەوەش بەپێی دەزگای شەفەق نیوز.
جێگای باسە، لە بەرواری 19ی ئابی 2024، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق پشتگیری لە ئەنجامەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت کرد سەبارەت بە ڕەوانەکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی، عەلی ئەلعەلاق، بۆ خانەنشین بوون دوای گەیشتنی بە تەمەنی یاسایی.
هەژماری من پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ گشتگیری دارایی بۆ هاوڵاتییان، جێی باسە تاکو ئێستا 600 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی هەژماری من خۆیان تۆمار کردووە.