ڕاستی هەبوونی ئامێری سیخوڕی لەناو یارمەتیەکانی ئێمارات بۆ لوبنان چییە؟

 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە و ئیدیعا کراوە گوایە ئامێری سیخوڕی ئیسرائیل دۆزراوەتەوە لە او ئەو هاوکارییانەی ئیمارات پێشکەشی لوبنانی کردووە.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە چەواشەکارانەیە، لە کاتی گەڕان بۆ لێکۆڵینەوە لەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزییەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، بەو پێیەی هیچ لایەنێکی ئەمنی لوبنان دۆزینەوەی ئامێری سیخوڕی لەناو یارمەتیە مرۆییەکانی ئیمارات بۆ لوبنان نەدۆزیوەتەوە.

سەبارەت بەو ئامێرانەی لە وێنەکان دەرکەوتون، تیمی پلاتفۆرمی (مەهارات نیوس)ی لوبنانی لێکۆڵینەوە لەو ئامێرانە کردووە و دەرکەوت "کە ئامێری سیخوڕی نین، بەڵکو ئامێری شوێنپێهەڵگرتنن بۆ ڕێگریکردن لە دزیکردن و شوێنپێهەڵگرتن لە مەودایەکی نزیکدا کە لە بەرهەمە قوماش و کەتانییەکان (وەک پەڕۆ، خاولی...) لەلایەن بەرهەمهێنەرەکان دادەنرێت، بە تایبەتی بۆ دامەزراوەکانی کەرتی میوانداری، کە ناسراوە بە "HF BluTag RFID tags"".

هەروەها لە لێکۆڵینەوەی پلاتفۆرمە لوبنانیەکە ئاماژەی بەوەداوە کە هەواڵێکی هاوشێوە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە بوونی پارچەی ئەلیکترۆنی بچووک لەناو ئەو هاوکارییە خۆراکییانەی کە دەنێردرێت بۆ ناوەندەکانی داڵدەدان، دواتر ئاسایشی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە "دوای ئەوەی لوبنانییەکان هاوکارییان وەرگرتووە بۆیان دەرکەوتووە کە لەناو ئەو کیسانەدا وەکو مادەی پارێزەر دانراون بۆ ئەوەی بەرهەمەکە تێک نەچێت، هیچی زیاتر نییە و هیچ ئامێرێکێ گوماناوی لەناودا نەبووە".