ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە منداڵێک نیشاندەدات لە ژێر بینایەکی داڕووخاو لە غەزە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە منداڵێکی غەزە لە ژێر بینایەکی داڕووخاوە چاوەڕوانی ڕزگار کردنە.
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، لەکاتی گەڕان بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڤیدیۆیە،بۆمان دەرکەوت ئەو منداڵەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت خەڵکی سووریایە و یاری دەکات لەگەڵ باوکی لە ڕێگای سێرکردن لە کونێکەوە لە دیوارەکە، باوکی گرتە ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە و پێش دوو ڕۆژ لە هەژمارەکەی لە تیک تۆک بە ناوی (الغيث) بڵاویکردووەتەوە، لە ڤیدیۆکە وا دەردەکەوێت منداڵەکە لە ژێر بینایەکی دا ڕووخاوە، واتا ڤیدیۆکە لە غەزە نییە وەکو ئیدیعا کراوە.
ئەو هەژمارە چەندین ڤیدیۆی دیکەی منداڵەکەی بڵاوکردوەتەوە و لە هەندێکیان هەمان ئەو کونە لە ڤیدیۆکان دەردەکەوێت، هەروەها هەژمارەکە لە یەکێک لە ڤیدیۆکان ئاماژەی پێداوە کە "منداڵەکە سەلامەتە وهیچی نییە و یاری دەکات و لە غەزە نییە بەڵکو لە سووریایە، تکایە وا بڵاوی مەکەنەوە کە گوایە لە ژێر بینای داڕووخاوە".
بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە لە کاتێکدایە کە منداڵانی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕ و دڕندەیی ئیسرائیلەوە کە زیاتر لە ساڵێکە لە کەرتی غەززە بەردەوامە، لە دۆخێکی دڵتەزێندا دەژین.
لە ئامارەکانی پێشوودا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەزە، ڕۆژی یەکشەممە 29ی ئەیلوولی 2024 ڕایگەیاند لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ەوە نزیکەی 17 هەزار منداڵی فەلەستینی لە کەرتی غەزە شەهید بوون.
ناوبراو بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "نزیکەی 25 هەزار و 973 منداڵی فەلەستینی لە کەرتی غەزە ئێستا لە ئەنجامی دەستدرێژیی ئیسرائیل بەبێ یەکێک یان هەردوو دایک و باوکیان دەژین".
دووپاتی کردەوە کە ئەم منداڵانە بەم شێوەیە دابەش کراون: 12 هەزار و 633 منداڵی هەتیوی مێ، و 13 هەزار و 340 منداڵی هەتیوی نێر.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە "ژمارەی ئەو منداڵە فەلەستینییانەی کە لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیلەوە شەهید بوون گەیشتووەتە 16 هەزار و 859 منداڵ کە 171 منداڵی ساوایان لە شەڕەکەدا لەدایک بوون و شەهید بوون".