ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە جوڵانی هێزەکانی ئیسرائیلە بەرەوە سنووری لوبنان؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "گواستنەوەی تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززەوە بۆ نزیک سنووری لوبنان".

ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی یەکەمی 2023 ،لە کاتی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی بۆ ناوچەی (رعێم)، لە تەنیشت کەرتی غەززە دوای ڕووداوەکانی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ڕعێمی ئیسرائیل لەلایەن ئەندامانی (حەماس)ەوە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، لە بەرواری 24 ئەیلوولی 2024 سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر چەندین ناوچەی لوبنان، بەپێی وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە (492) گیانیان لە دەستداوە و (1645) کەس برینداربوون.