ڕاستی دەرچوونی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی لەم دواییانەدا چییە کە هۆشداری دەدات لە تەقینەوەی ئامێرەکانی ئایفۆن؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "مۆبایلی ئایفۆن:ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات کە مۆبایلی ئایفۆن لەوانەیە لە هەر لەحزەیەکدا بتەقێتەوە هاوشێوەی جیهازی پەیجەر لە لوبنان".

ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی تیمەکەمان هەستا بە لێکۆڵینەوە لەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە دەرچوونی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی لەم دواییانەدا کە باس لە تەقینەوەی ئامێرەکانی (ئایفۆن) دەکات، نەگەشتین بەهیچ ڕاپۆرتێکی هاوشێوە لە ماڵپەڕە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان، یاخود ئەو ماڵپەڕانەی گرنگی بە تەکنەلۆجیا دەدەن.

هەروەها هەستاین بە گەڕان بە چەندین زمان کە گرینگترینیان زمانی ئینگلیزی بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە هەبوونی ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی هاوشێوە لەگەڵ فلتەر کردنی ئەنجامی گەڕانەکە بۆ ئەم هەفتەیە، بۆمان دەرکەوت کە هیچ ئەنجامێک نییە ئەو ڕاستییە بسەلمێنێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ساختەیە دوای ئەوە دێت کە لوبنان لە ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوو بەر زنجیرەیەک تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کەوت، ڕۆژی سێشەممە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بە ناوی پەیجەر تەقینەوە، دواتر لە ڕۆژی چوارشەممە ئامێرەکانی پەیوەندی ڕادیۆیی تەقینەوە.