ئاگاداری ئەو نامانە بن کە بەستەرێکی هاوپێچکراوە و بەکارهێنەران ئاگاداردەکاتەوە لە پێشێلکردنی ستانداردەکانی کۆمەڵگای مێتا

تیمەکەمان نامەیەکی بەدیکرد کە لە ئەپڵیکەیشنی واتسئەپدا بڵاوکراوەتەوە و ئاگاداری بەکارهێنەرانی ئەپلیکەیشنەکە دەکات کە کەسێکی نەناسراو هەستاوە بە تۆمارکردنی ئەکاونتەکانیان لە پلاتفۆرمی واتسئەپ و فەیسبووک، کە لینکێک هاوپێچکراوە لەگەڵی گوایە لەلایەن کۆمپانیای (مێتا)وە نێردراوە بۆ پاراستنی ئەکاونتەکانیان بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەکاونتەکان لە ماوەی 12 کاتژمێردا دادەخرێن.

ڕاستییەکە

تیمەکەمان هەستا بە لێکۆڵینەوە لەو بەستەرەی هاوپێچکراوە لە نامەکەدا، دەرکەوت کە ماڵپەڕێکی ساختەیە بەکاردەهێنرێت بۆ فیشینگ، هەروەها ئەو بەستەرە لەلایەن ماڵپەڕی (VIRUSTOTAL) هەڵسەنگێندراوە کە سەلامەت نییە، ئەو ماڵپەڕە بەکاردەهێنرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەو بەستەرانەی ساختەن و بەکاردەهێنرێن بۆ فێڵکردن.

لە کاتی کردنەوەی بەستەرەکە، لاپەڕەیەکی تازەت بۆ دەکرێتەوە کە هاوشێوەی لاپەڕە چوونەژوورەوەی فەیسبووکە، بەڵام بەستەرە ساختەکە بە وشەی (unbouncepages) دەستپێدەکات، بەڵام بەستەری ڕەسەنی فەیسبووک بە وشەی (facebook) دەستپێدەکات.

هەروەها پێشتر هۆشداریمان بڵاوکردبووەوە سەبارەت بە پەیامی ساختە کە بۆ بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەنێردرێت کە باس لەوە دەکات بەکارهێنەرەکە ستانداردەکانی کۆمەڵگای مێتایان پێشێل کردووە و ئەگەر دووبارە چوونە ژوورەوە ئەنجام نەدەن ئەکاونتەکانیان دەسڕدرێتەوە.

No photo description available.

بۆیە تیمەکەمان ئاگادارتان دەکاتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بەستەرانەی کە لەلایەن لایەنی نەناسراو و نافەرمیەوە دەنێردرێت، چونکە زۆربەیان مەبەست لێی زیانگەیاندن بە بەکارهێنەرەکە.