ڕاستی پەرەپێدانی مۆبایلێکی زیرەک لەلایەن ئیلۆن مەسک چییە کە ئینتەرنێتی بۆ دابین دەکرێت لەڕێگای مانگی دەستکرد؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئیلۆن ماسک

بەتەمای دروستکردنی هاندێکە کەکۆتایی بە باڵادەستی ئایفۆن و سامسۆنگ دەهێنێت".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، لە دوای ئەو لێکۆڵینەوەی تیمەکەمان ئەنجامیدا، هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزییەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت لە هەژمارە فەرمیەکەی ئیلۆن مەسک، کە سەرۆکی کۆمپانیای تێسلایە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پاتری گەورە و وزەی خۆر، هەروەها لە هەژماری فەرمی تێسلاش هیچ شتێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە، و هیچ لێدوانێکی هاوشێوەی نەداوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن.

بەپێی ماڵپەڕی Techopedia، لێدوانەکانی مەسک وا دەریدەخات کە ئارەزووی دروستکردنی مۆبایلی زیرەکی نەبێت لە داهاتوودا.

لە 5ی تشرینی دووەمی 2024، لە پۆدکاستی جۆ ڕۆگان، ماسک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی مۆبایلی زیرەک، لە وەڵامدا وتی "ئێمە مۆبایل دروست ناکەین، دەتوانین دروستی بکەین، بەڵام نامانەوێت دروستی بکەین بەڵام ئەگەر پێویست بکات دەیکەین".

سەبارەت بەو وێنەیەی هاوپێچکراوە کە ئیلۆن مەسک دەردەکەوێت و مۆبایلێکی بەدەستەوەیە، تیمەکەمان شیکاری بۆ کرد و دەرکەوت بە بەرنامەیەکی دروستکردنی وێنە لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.