ڕاستی هەواڵی قەدەغەکردنی تیک تۆک لە کەنەدا چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "لە وڵاتی کەنەدا تیکتۆک قەدەغە کرا".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە ڕوون نییە، بەو پێیەی دەسەڵاتی پەیوەندیدار لە کەنەدا بڕیاریدا بە داخستنی لقی کۆمپانیای (تیک تۆک) لە وڵاتەکە، بەڵام ئەپڵیکەیشنەکەی قەدەغە نەکردووە.
وەزیری داهێنان و زانست و پیشەسازی کەنەدا (فرانسوا فیلیپ) وتی کە ئەم ڕێوشوێنە سەپێنراوە
"بەهۆی مەترسی ئەو چالاکییانەیە کە لەلایەن بایتدانسەوە ئەنجامدەدرێت کە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی لە کەنەدا".
پلاتفۆرمی تیک تۆک کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای (بایت دانس)ی چینی، لە مانگی ئەیلوولی 2023 وردبینییەکی بۆ کرا، دوای ئەوەی حکومەت لە مانگی شوباتی 2023 ئەپلیکەیشنەکەی لەسەر مۆبایلی کارمەندانی حکومەت قەدەغە کرد بەهۆی مەترسییەکانی بۆ سەر تایبەتی کەسی و ئاسایش.
هەروەها ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەشدا
"کە ئەم بڕیارە دراوە لەسەر بنەمای ئەو زانیاری و بەڵگانەیە کە لە چوارچێوەی پرۆسەی وردبینیدا کۆکراونەتەوە، هەروەها ئەو ئامۆژگارییانەی لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی کەنەدا و هاوبەشەکانی دیکەی حکومەتەوە پێشکەشکراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت
"ڕێگری ناکات لە دانیشتوانی کەنەدا لە بەکارهێنانی تیک تۆک یاخود بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک لەسەری"
هەڵبژاردنەکە بۆ ئەوان جێدەهێڵێت بەڵام ئاگاداریان دەکاتەوە لە بەکارهێنانی زانیارییە کەسییەکانیان لەلایەن"لایەنە بیانییەکان".