ئاگاداری ئەو نامە ساختانە بن کە زانیاری هەژماری ماڵپەڕێکی ساختەی فیشینگ تێدایە

ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی نامەیەکیان پێگەشتووە بۆ ژمارەی تەلەفۆنەکانیان کە لەلایەن چەند ژمارەیەکی بیانییەوە نێردراوە، چەند زانیارییەک لەخۆ دەگرێت وەکو (ژمارەی هەژماری نوێ و ژمارەی نهێنی و باڵانس و بەستەری ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی)، لە کۆتاییەکەیدا نوسراوە "تکایە سەیڤی بکە"!.

ڕاستییەکە

تیمەکەمان هەستا بە لێکۆڵینەوە لەو ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەی کە هاوپێچکراوە لە نامەکەدا، دەرکەوت کە ماڵپەڕێکی ساختەیە بەکاردەهێنرێت بۆ فیشینگ، ماڵپەڕەکە هەڵسەنگێندراوە وەکو (سەلامەت نییە) لەلایەن چەند ماڵپەڕێکی تایبەت بە پشکنین شیکارکردنی فایل و بەستەر و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی بەستەرەکان.

بەو پێیەی ڕاپۆرتی ماڵپەری SCAMADVISER بەناوبانگ شیکردوەتەوە کە خاوەنی ماڵپەڕەکە نادیارە و ناسنامەی خۆی شاردۆتەوە، و ماڵپەڕەکە لە بەرواری 25 تەمموزی ڕابردوو تۆمارکراوە، تەنها 3 ڕۆژە ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ماوەکەی.

هەروەها ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە ئەم ماڵپەڕە لەسەر سێرڤەرێکی زۆر مەترسیدارە، هەروەها چەندین ماڵپەڕی هاوشێوە هەن کە لەسەر هەمان سێرڤەر هۆست دەکرێن کە ئەو ماڵپەڕە و ماڵپەڕە مەترسیدارەکانی کە لەلایەن یەکێتی بانکی نێودەوڵەتییەوە پۆڵێن کراون کە ئاستێکی بەرزی ساختەکاری و گەندەڵی لەخۆ دەگرن.

لەدوای ئەوە تیمەکەمان هەستا بە کردنەوەی ماڵپەڕە ساختەکە و تۆمارکردنی ئەو زانیارییانەی کە لە کورتە نامەکە هاتووە، دەرکەوت ماڵپەڕەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە بۆ "وەبەرهێنان" لە دراوە دیجیتاڵیەکان بەکار دێت، هەژمارەکە بڕێک پارەی بە درۆ تێدایە لە ڕێگایەوە تاکەکان فریو دەدەن بۆ ئەوەی پارەیان لێ بدزن بەبیانووی ئەوەی ناتوانن پارەکە ڕابکێشن هەتاکوو بڕێک پارەی دیاریکراو نەدەن.

. تیمەکەمان ئاگادارتان دەکاتەوە کە بە کورتەنامەی هاوشێوە هەڵنەخەڵەتێن، و خۆتان بەدوور بگرن لەو ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنە ساختانەی بەدرۆ بانگەشەی وەبەرهێنان و بازرگانی دراوی دیجیتاڵی دەکەن.