مێتا دەستەواژەی (شەهید) قەدەغە ناکات بە مەرجێک!

کۆمپانیای مێتا خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام و سرێدز، ڕایگەیاند کەوا قەدەغەکردنی دەستەواژەی (شەهید) کۆتایی هات و دەتوانرێت لەمەو دوا بەکار بهێنرێت بە مەرجێک لەگەڵ ناوەڕۆکێک بەکارنەهێنرێت کە مافی کەسانیکە پێشێل بکات یاخود ئاماژەبدات بە توندوتیژی.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ڕاگەیاندنە وەک پابەندبوونێک دێت بۆ جێبەجێکردنی پێنج پێشنیار لە حەوت پێشنیارەکەی (دەستەی چاودێری) و جێبەجێکردنی دوو پێشنیارەکەی دیکە بەشێوەیەکی بەشەکی.
دەستەی چاودێری دەزگایەکی سەربەخۆیە کە خەڵک دەتوانن ڕووی تێبکەن ئەگەر ناکۆک بن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی مێتا دەیدات سەبارەت بە ناوەڕۆکی پلاتفۆرمەکانی.
هەروەها ئەو کۆمپانیایە ڕوونیکردەوە کەوا ئەو دەزگایە ڕێگای پێداوە وشەی "شەهید" بەکار بهێنرێت لەگشت بارودوخەکاندا ئەگەر ناوەڕۆکەکە سیاسەتەکانی کۆمپانیاکە نەشکێنێ یاخود بڵاونەکرێتەوە لەگەڵ یەکێک لە نیشانەکانی توندوتیژی یاخود زیاتر کە پێکدێن لە:

  1. وێناکردنی بینراوی چەک
  2. ڕاگەیاندنی نیەت یان بانگەواز بۆ بەکارهێنان یاخود هەڵگرتنی چەک
  3. ئاماژەکردن بە ڕووداوێکی دیاریکراو.

دەستەی چاودێری لە بەیاننامەکەیدا کە لە بەرواری 2 تەمموزی 2024 بڵاوکراوەتەوە لە وەڵامی ڕاگەیاندنەکەی کۆمپانیای مێتا، مێتا قەدەغەی خستبووە سەر دەستەواژەی (Shaheed) لەدوای ئەوەی کە وەردەگێڕدرێت بۆ زمانی ئینگلیزی دەبێتە (Martyr) هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ​​ماوەیەکی زۆرە دەستبەجێ دەیسڕێتەوە کاتێک وا دادەنرا کە ئاماژەیە بۆ ئەو قەوارانەی کە لە سیاسەتی ڕێکخراوە مەترسیدارەکان و تاکە مەترسیدارەکان ئاماژەی پێکراوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین مانای هەیە، کە زۆربەیان مەبەستیان توندوتیژی یاخود دەربڕینی پەسەندکردنی توندوتیژی نییە.
هەروەها گووتی

"تاکو ئێستا، هیچ ئیستسنایەک ڕێگەپێنەدراوە کاتێک باس لە ڕاپۆرتکردن، گفتوگۆکردن یان ئیدانەکردنی ئەم دەستەواژەیە بێلایەنانە دەکرێت، لە ئەنجامدا ناوەڕۆکی ملیۆنان بەکارهێنەر بەتایبەتی لە کۆمەڵگای عەرەبی و موسڵمانان بە ناڕەوایی ڕەشدەکرێتەوە".
بەپێی یاسای (ڕێکخراو و تاکە مەترسیدارەکان) (DOI) 

تایبەت بە مێتا، کۆمپانیاکە ئەمانە لە پلاتفۆرمەکانی بلۆکدەکات" ڕێکخراو یاخود ئەو تاکانەی کە کارێکی توندوتیژی بڵاودەکەنەوە یاخود باشداری لە توندوتیژی دەکەن"، وەکو تیرۆریست یاخود گروپە ڕقاویەکان، هەروەها کۆمپانیاکە ئەو ناوەڕۆکانە بلۆکدەکات کە "ستایش، پشتگیری تەکنیکی یان نوێنەرایەتی" ئەو دەستەواژانە دەکات کە سیاسەتی کۆمپانیاکە دیاری دەکات بۆ ئەو ڕێکخراو و تاکانە، زیندوو یاخود مردوو.
کۆمپانیای مێتا دەستەواژەی (شەهید) وەکو ستایشێک دەبینێت کاتێک لەلایەن تاکێکەوە بەکار دەهێنرێت بۆ کەسێکی دیاریکراو، هەڵدەستێت بە ڕەشکردنەوەی ئەو ناوەڕۆکە کاتێک لێی ئاگاداردەبێت.

هەروەها مێتا ڕونیکردوەتەوە کە “داوای ڕێنمایی دەستەی چاودێری کردووە لەسەر ئەم بابەتە، هەرچەندە بە ڕەچاوکردنی سەلامەتی پەرەی پێدراوە بەڵام دەزانین کە لەگەڵ ئاستەنگێکی جیهانی دێت.
وشەی (شەهید) بە چەندین ڕێگای جیاواز بەکاردێت لەلایەن چەندین کۆمەڵگای جیاواز و کولتوور و ئاین و زمانی جیاواز، کە ئەم ڕێبازە ڕەنگە ببێتە هۆی لابردنی بەربڵاوی هەندێک ناوەڕۆک کە هەرگیز مەبەست لێی پشتگیریکردنی تیرۆر یاخود ستایشکردنی توندوتیژی نەبووە.

جێی باسە ساڵی ڕابردوو، مێتا سێ بژاردەی دەستنیشان کرد کە داوای بۆچوون و ڕەچاوکردنی دەستەی چاودێری کرد کە پێکدێت لە:

  1. مانەوەی دۆخەکە وەکو خۆی.
  2. ڕێگەدان بەو ناوەڕۆکانەی وشەی (شەهید) بەکار دەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی تاکێکی دیاریکراوی مەترسیدار کاتێک (ا) کاتێک بەکاردەهێنرێت لە دەقێکی دیاریکراوی ڕێگەپێدراو (بۆ نموونە، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ، گفتوگۆی بێلایەن و ئەکادیمی)،(ب) هیچ ستایشێکی زیاد یاخود پشتگیرییەکی جەوهەری یاخود نوێنەرایەتیکردنی ڕێکخراوێک یاخود تاکێکی مەترسیدار نەبێت و (پ) لە ناوەڕۆکەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە توندوتیژی نەبێت (بۆ نموونە وێناکردنی چەک یاخود جلوبەرگی سەربازی یاخود ئاماژەکردن بە توندوتیژی لە جیهانی ڕاستەقینە).
  3. ڕەشکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێک کە تێیدا وشەی (شەهید) بەکاردەهێنرێت بۆ ئاماژەکردن بە تاکێکی مەترسیداری دیاریکراو تەنها کاتێک ستایشی زیادە یاخود پشتگیری جەوهەری یاخود نوێنەرایەتیکردن یاخود ئاماژەکردن بە توندوتیژی هەبێت.