ئایا وێنەی ئیلۆن مەسک لەگەڵ هاوڕێ ڕۆبۆتەکەی لە کاتی نانخواردن ڕاستییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت"ئیلۆن ماسک یەکەم هاوڕێی خۆی دەناسێنت کە ڕۆبۆتێکی خاوەن زیرەکی دەستکرد".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە ڕاست نییە، بەو پێیەی خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکس (ئیلۆن مەسک) وێنەی هاوشێوە یاخود ئیدیعای هاوشێوەی بڵاونەکردوەتەوە لە سەر هەژمارە فەرمیەکەی وەکو ئیدیعا کراوە.

ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە کە وێنەکە ڕاستی نییە و لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، هەژمارێکی گاڵتەجاڕانە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بە ناوی (Not Elon Musk) واتا (ئیلۆن مەسک نییە) وێنەکەی بڵاوکردوەتەوە لە بەرواری 24 تەمموزی کە لەگەڵیدا پرسیارێکی هاوپێچ کردووە بۆ فۆڵۆوەرەکانی کە دەڵێت"ئایا بەم زووانە ئەمە ئاسایی دەبێت؟".

هەروەها لە کاتی گەڕان لە هەژمارەکەدا دەرکەوت کە پێشتر چەندین وێنەی خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردوەتەوە کە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراون.

هەروەها لە کاتی پشکنینی وێنەکە بە (Hive Moderation) کە ئامرازێکی دیجیتاڵییە بەکاردێت بۆ ناسینەوەی ئەو وێنانەی کە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراون، ئەنجانی ئامرازەکە "بە ڕێژەی 99.9% بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە" ئەوەش بەپێی ئەنجامی پشکنیبی ئامرازەکە.

جێی باسە پێشتر چەند وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە کە هاوپێچکراوە لەگەڵ ئیدیعایەکی ساختە کە دەڵێت "هاوسەرگیری ئیلۆن مەسک لەگەڵ ڕۆبۆتێک"، بەڵام تیمەکەمان ڕاستی ئەو پۆستەی بڵاوکردوەتەوە و ڕونمان کردوەتەوە کە لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد دروستکراون.