ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ساتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی بەیروت نیشاندەدات لە کاتی بۆردومانەکانی ئیسرائیل؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە کە نیشتنەوەی فڕۆکەیەک نیشاندەدات لە فڕۆکەخانەی بەیروت لە کاتی بۆردومانەکانی ئیسرائیل.
ڕاستییەکە
گەڕانێکی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکمان نەدۆزیەوە کە بیسەلمێنێت ئەو وێنەیە ڕاستیە.
یەکێک لە ئەنجامەکان دەرکەوت کە وێنەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن هەژمارێک بەناوی (EYES OF LEBANON) لە ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵی وێنەیەکی هاوشێوەی بە کوالێتی بەرز (ئاماژە بۆ ئەنجامی گەڕانە کۆنەکە) هاوپێچ کردووە کە هاوکاتە لەگەڵ بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە نزیک فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری نێودەوڵەتی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان.
هەروەها هەژمارەکە ئاماژەی پێداوە کە دوو وێنەکە
"بە زیرەکی دەستکرد دروستکراون بەڵام بارودۆخی ڕاستی نیشان دەدەن".
هەروەها تیمەکەمان بە وردی پشکنینی بۆ ئەو دوو وێنەیە کرد کە گوایە فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی بەیروت دەنیشێتەوە و لۆگۆی دار برنجی لەسەرە کە هەمان لۆگۆی سەر فڕۆکەکانی" هێڵی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEA)ە"، بەراوردمان کرد لەگەڵ وێنەی فڕۆکەیەکی ڕاستەقینەی هەمان کۆمپانیا بۆمان دەرکەوت کە چەندین هەڵە لە پێکهاتەی وێنەکە و فڕۆکەکە هەیە، لەوانە نەگونجانی شێوەی لۆگۆی کۆمپانیاکە لەسەر کلکی فڕۆکەکە و نەبوونی سێ هێڵی (شین و سەوز و سوور) و نەبوونی پیتەکانی MEA کە کورتکراوەی ناوی کۆمپانیاکە بە زمانی ئینگلیزی لە ناوەڕاستی جەستەی فڕۆکەکە، ئەم وردەکارییانە زۆرجار بەرنامەکانی درووستکردنی وێنە بەزیرەکی دەستکرد شکست دەهێنن لێی.

بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە دوای ئەوە دێت کە بۆردومانێکی ئیسرائیلی باڵەخانەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی بەیروتی کردە ئامانج، لە کاتێکدا ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی لوبنان ڕایگەیاند، دوێنێ یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، ژمارەی بۆردومانەکانی سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیروت گەیمشتە زیاتر لە 11 بۆردومان ، لەوانەش بۆردومانەکانی سەر "القەرز حەسەن" نزیک لە فڕۆکەخانە.

