ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ساتی بە ئامانجگرتنی ئیسماعیل هەنیە نیشان دەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە ساتی بە ئامانجگرتنی ئیسماعیل هەنیەیە لە تەهران.

ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە شوێنی بە ئامانجگرتنی (ئیسماعیل هەنیە) بەرپرسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستینی (حەماس) نییە وەکو ئیدیعا کراوە، ئەو ڤیدیۆیە پێشتر لە بەرواری 31 تەمموزی 2024 لە تێلیگرام لەلایەن هەژمارە فەرمیەکانی "سوپای ئیسرائیل" بڵاوکراوەتەوە ،کە ساتی تەقاندنەوەی ماڵی زیندانیەکی فەلەستینیە بەناوی (مەرید دحادحە) لە باکووری شاری ڕام اللە.

ئیسرائیل ڕایگەیاند کەوا ڕووخاندنی بیناکەی بەهۆی بەشداریکردنی دحادحە بوو لە هێرشێکی تەقەکردن کە لە مانگی یەکدا ڕوویدا لە ڕۆژهەڵاتی ڕامەڵڵا، ئاماژەی بەوەشکرد کە دحادحە لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ەوە دەستبەسەر کراوە.

هەنیە لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 31ی تەمموزی 2024 لە ئۆپراسیۆنێکدا کوژرا کە نزیکەی کاتژمێر دووی سەرلەبەیانی شوێنی نیشتەجێبوونی لە تەهران کردە ئامانج، ئەوەش لە دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران.

حەماس ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ڕووداوەکە.

جێی باسە پێشتر ڕاستی دوو گرتە ڤیدۆمان ڕوونکردوەتەوە کە هاوپێچی هەمان ئیدیعا کرابوون گوایە شوێنی بە ئامانجگرتنی هەنیەیە، بەڵام دەرکەوت کە دوو شوێنی دیکەن.