پچڕانی ئینتەرنێت لە عێراق :پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و زیانێکی ئابووری زۆر

 نزیکەی دەیەیەکە، عێراق پچڕینی ئینتەرنێتی وەکو ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ چارەسەرکردنی ترسی ئاسایش و پێویستی بیرۆکراتی و کەمکردنەوەی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان. لە کاتێکدا ئەم پچڕانانە بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی ترسەکانی حکومەت، بەڵام ئەو پرسانە دەروژێنێت کە پەیوەندی هەیە بە ئازادی ڕادەربڕین، جگە لە گەشتن بە زانیاری. هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری هەیە لەسەر ئابووری و متمانەکردن بە حکومەت. پچڕینی ئینتەرنێت لەلاین حکومەتەوە ڕەنگدانەوەی نەبوونی بیرکردنەوەی ستراتیژیە لە سەردەمی دیجیتاڵی.

تیگەیشتن لە پچڕینی ئینتەرنێت لە عێراق

لە عێراق، ڕوودەکەنە پچڕینی ئینتەرنێت لە کاتی نا ئارامی کۆمەڵایەتیی، وەکو خۆپیشاندان یاخود کاتێک حکومەت هەست دەکات پیویستە ئاسایشی ناوخۆ بپارێزێت. ئەم ڕێگایە بەشێوەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 بەدیدەکرا، کە ئەنتەرنێت ڕادەگیرا بۆ کۆنترۆڵکردن و سەرکۆنەکردنی دژایەتی گشتی و ڕێگرتن لە خۆ ڕێکخستنەوە، کە بە ئاسانی دەکرا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە جیاوازەکانی ئینتەرنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە لایەنی کەم لە ساڵی 2015ەوە، حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی ڕۆتینی ئینتەرنێتی لە سەرتاپای عێراق ڕاگرتووە لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی قوتابخانە ئامادەییەکان، لە ڕۆژی تاقیکردنەوەکان حکومەت بۆ ماوەی سێ کاتژمێر  ئینتەرنێت ڕادەگرێت گشت بەیانیەک، کە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی ڕۆژانە لە سەرتاپای وڵات بۆ چەندین ڕۆژ.

لە ئایاری 2023، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لەسەر پچڕینی ئینتەرنێت بۆ ماوەی 4 کاتژمێر لەو ڕۆژانەی تاقیکردنەوەی تێدا دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایار و حوزەیرانی 2024 هەمان شت بکرێت

پچڕینی ئینتەرنێت لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان وەکو ستراتیژیەک بەکاردەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی گزی و بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەیەکی بێکێشە.

لە ڕێگای پچڕاندنی ئینتەرنێت، لایەنە بەرپرسەکان دەیانەوێت ڕێگریبکەن لە دزەکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و بڵاوکردنەوەیان لە ئینتەرنێت پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان.

سەرەڕای ئەوەی ئینتەرنێت ڕادەگرن بەڵام پرسیارەکان هەر دزە دەکەن، و گزی دەکرێت.

جێی باسە عێراق تاکە وڵات نییە کە تێیدا ئینتەرنێت دەپچڕێندرێت لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، هەمان شێواز لە وڵاتنی وەکو جەزائیر و ئوردن و سووریا و سودان پەیڕەو دەکرێت.

تێچووە ئابووریەکانی پچڕینی ئینتەرنێت

کاریگەرییە ئابووریەکانی پچڕینی ئینتەرنێت لە عێراق زۆر گەورەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستن بە ئینتەرنێت.

پڕۆژە بازرگانییە ئەلیکترۆنیەکان، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستن بە ئینتەرنێت لە گشت کارەکانی ڕۆژانەیان - لە بەشی فرۆشتن و خزمەتگوزاری کڕیاران و خزمەتگوزاریە لۆجیستیکیەکان و بەڕێوەبردن ڕوبەڕووی پشێوی گەورە و زیانی دارایی گەورە دەبنەوە لەو کاتانەدا، کاریگەری نییە تەنها لەسەر خاوەن کارەکان، بەڵکو کاریگەری دوو هێندە و فراوانتری هەیە لەسەر ئابووری.

ئەو داتاینەی کە لەلایەن "ژماردنی تێکڕای زەرەرەکان" تایبەت بە دامەزراوەی ئینتەرنێت خراونەتە ڕوو ئاشکرای دەکات کەوا پچڕانی ئینتەرنێت بۆ تەنها یەک ڕۆژ لە عێراق زەرەری 1.4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییانەی کە پشت دەبەستن بە ئینتەرنێتێکی جێگیر بۆ پێشبینیکردنی کارەکانیان، ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری کەمبوونەوەی متمانە و دوودڵ بوون لە کارکردن لەو وڵاتە و وەربەهێنان تێیدا. کە ئەوەش دەبێتە دوورکەوتنەوە وەبەرهێنەرانی بیانی و خاوبوونەوەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و ئابووری، ئەوەش دەبێتە گۆشەگیری عێراق لە هەڵی کارە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگری لە گەشەی دەکات لە ئابووری دیجیتاڵی جیهانی

لەوەش زیاتر، پچڕینی ئینتەرنێت کاریگەری دەکاتە سەر ئافرەتان.

لە عێراق، زۆرێک لە ئافرەتان دەستگەیشتنیان بە شوێنە گشتیەکان سنووردارە، زۆربەی کات تووشی هەراسان کردن و جیاکردنەوە دەبن لەو شوێنانەی زیاتر نێر تێیدا کاردەکەن، بەهۆی ئەوەوە زۆربەی خاوەنکارە ئافرەتەکان ڕوویان کردووەتە بازرگانی لە ئینتەرنێت وەکو فرۆشتنی کارە دەستییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، واتا پچڕینی ئینتەرنێت کاریگەری دەبێت لەسەر تاکە سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆیان.

مافەکانی مرۆڤ و متمانەکردن بە حکومەت

پچڕانی ئینتەرنێت لە عێراق کاریگەری لەسە مافەکانی مرۆڤ هەیە.

پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت مافە دیجیتاڵیەکان پێشێل دەکات، ئاستەنگی بۆ پەیوەندی و چالاکیەکانی ڕۆژانە دروست دەکات.

ئەم تێکچونانە دەستگەیشتن بە زانیاری و پەیوەندییەکان سنووردار دەکات، کە ئامرازێکی سەرەکیین لە ژیانی مۆدێرن، بەربەست دروست دەکات لە کارلێکە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان، و ترسی زۆر دروست دەکات سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە، جگە لە مافی دەستکەوتنی زانیاری.

دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت مافێکی سەرەکیە لە مافەکانی مرۆڤ وەکو لە مادەی 19 جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ (UDHR) هاتووە، کە پشتگیری مافی ڕادەربڕین دەکات. ئەم مافەش ئازادیی گەڕان و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکەیە لە هەر ڕێگایەکەوەبێت، بەبێ گوێدانە سنوورەکان.

هەروەها بڕینی ئینتەرنێت مافی عێراقییەکان بۆ کۆبوونەوەی ئاشتییانە سنووردار دەکات، وەکو لە مادەی 19 جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێدراوە.

پچڕینی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی بەردەوام لە عێراق دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە حکومەتی عێراق.

بۆ نموونە، پچڕینی ئینتەرنێت لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، ئەگەر حکومەت نەیتوانی ڕێگری لە  گزیکردن بکات بێ پشت بەستن بەم ڕێکارە توندانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی خەڵکی بە حکومەت.

کە دەبێتە دەبێتە هۆی دروستبوونی گومان سەبارەت بە توانای مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ ئاستەنگیەکان بە شێوەیەکی کارا و شەفافیەت، بەو پێیەی خەڵک بەشێوەیەک سەیری ئەو ڕێکارانە دەکات کە قورسن و سودیان نییە لە کۆتاییدا.

چارەسەری ستراتیژی

بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە نەرێنییەکانی پچڕینی ئینتەرنێت لە عێراق، پێویستە لایەن پەیوەندیدارەکان هەڵسەنگاندن بکەنەوە بۆ گونجانی ئەم ڕێکارانە.

ئەمەش بریتیە لە هەڵسەنگاندنەوەیەکی یەکلایەنیکەرانە سەبارەت بە ڕادە و ماوەی ئەم ڕێکاری پچڕینانە ئایا ئەو ئامانجانە دەپێکێت کە مەبەستیانە. دەسەڵاتداران پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم جۆرە پچڕانانە کەمترین ئامرازی دەستێوەردانن کە لەبەردەستدان و لە ستراتیژییە جێگرەوەکان بکۆڵنەوە کە دەبێتە هۆی کەمتر پچڕینی ئینتەرنێت و لە هەمان کاتدا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و مافەکان دەپارێزێت.

هەروەها پێویستە لێکۆڵینەوە لە یاساییبوون و دەستووری بوونی بڕینی ئینتەرنێت لە عێراقدا بکرێت، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی سنووردارکردنی یاسا ئەلیکترۆنیەکانی وڵات و پابەندبوونیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئەم لێکۆڵینەوانە گرنگە بۆ دیاریکردنی ئایا ئەم پراکتیزانەی ئێستا دەکرێت دەتوانرێت بەرگری لێبکرێت و دەگونجێت لەگەڵ ستانداردە نیشتیمانی و  نێودەوڵەتییەکان پێکەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بزانین دەتوانین تانە لەو یاسایە بگرین لە دادگاکانی عێراق، وەکو دادگای باڵای فیدراڵی، بە بەکارهێنانی ڕاگەیاندنی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیمانگای نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنییەکان و سیاسیەکان.

چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناخۆ هەستاون بە بەرەنگاربوونەوەی پچڕینی ئینتەرنێت لە وڵاتە جیاوازەکان بە بەکارهێنانی هاشتاگی

#NoExamShutdown

بۆ چارەسەرکردنی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان و کەمکردنەوەی پێویستکردنی پچڕینی ئینتەرنێت، وەزارەتی پەروەردە پێویستە:

لامەرکەزیکردنی پرۆسەی ئامادەکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە ڕێگەدان بە بەشە جیاوازەکانی پەروەردە بۆ ئەوەی پرسیاری خۆیان بنووسن.

هەڵگرتنی زانیاریە هەستیارەکان لە شوێنی پارێزراو کە دەست پێگەشتنیان سنووردارە و بەکارهێنانی کامێرای چاودێری، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەر دزەپێکردنێک یاخود پێشیلکردنێکی ئەمنی دەتوانرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

بەکار هێنانی ئامێری پچڕاندنی کاتی ئینتەرنێت لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.  

جگە لەوەش، لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی فێڵکردن لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا، دەسەڵاتداران دەبێت باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی سەلامەت .

بەم ڕێگایە، عێراق دەتوانێت ئاسایش ئەلیکترۆنی و پرۆتۆکۆڵەکانی پشکنین بەهێزبکات، کە ئەوەش بەرگریەکی زیاتر دابین دەکات لە دژی گزی کردن، لەگەڵ ڕێزگرتنی مافەکان و پێداویستیە ئەلیکترۆنیەکانی هاوڵاتیان.