ئایا ڕاستە فەیسبووک وێنە و ڤیدیۆی بەکارهێنەر بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بڵاودەکاتەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئیدیعایەک بڵاوکراوەتەوە گوایە " ئەبدێتی تازەی فەیسبوک ھاتووە ئۆتۆماتیکی وێنەکان پۆست ئەکات بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری ئێوە واتا شەو خەوتوی بەیانی ھەستای ئەبینی وێنەی خێزانت پۆست کراوە".

ڕونکردنەوە
ئەو ئیدیعایە ڕاست نییە، بەو پێیەی تایبەتمەندی (پێشنیاری هاوبەشیکردنی تایبەت) هەڵناستێت بە بڵاوکردنەوەی ئەو (وێنە، گرتە ڤیدیۆ) کە لەسەر مۆبایلەکەت بەردەستە لەسەر هەژمارەکەت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەکو ئیدیعا کراوە.
بەڵکو هەڵدەستێت بە پێشنیارکردنی وێنە و ڤیدیۆ لە ئەلبومی کامێرای مۆبایلەکەت بۆ ئەوە بەکارهێنەرەکە بتوانێت بە شێوەیەکی ئاسان بڵاوی بکاتەوە ئەگەر بیەوێت، نەک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بڵاوی بکاتەوە.

دەتوانیت ئەم تایبەتمەندییە بکوژێنیتەوە لە ڕێگای ئەم چەند هەنگاوە:

  1. لە بەشی سەرەوەی ئەپڵیکەیشنی فەیسبووک، دروستکردنی ستۆری داگرە.
  2. لە لای چەپی بەشی سەرەوە، نیشانەی ڕێکخستن داگرە.
  3. دابگرە (پێشنیاری بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ئەلبومی مۆبایلەکەت).
  4. دوگمەی داگیرساندنی (پێشنیاری بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ئەلبومی کامێرای مۆبایلەکەت) یاخود کوژاندنەوەی ئەو تایبەتمەندییە دابگرە.

بەگوێرەی ناوەندی تایبەت بە یارمەتیی فەیسبووک، کاتێک بەکارهێنەرێک ئەپڵیکەیشنەکە چالاک دەکات بۆ دروستکردنی پێشنیاری کەسی زیاتر، فەیسبووک داتای زیادە لە کامێراکانەوە بەکاردەهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکەکەی بە بەکارهێنانی فێربوونی ئامێر.
بە بەکارهێنانی داتای زیادەی ئەلبومی کامێراکە، فەیسبووک هەڵدەستێت بە دروستکردنی پێشنیار پێشکەوتوتر لەوەی دەتوانرێت بڵاوبکرێتەوە، هەروەها بەکارهێنەر دەتوانێت پێشنیاری تایبەتی زیاتر بەکاربخات یاخود ڕایبگرێت هەر کاتێک کە بیەوێت.


پێشنیارەکانی بڵاوکردنەوە کەسی، مێتاداتای وێنە و ڤیدیۆکانی بەکارهێنەر لەسەر ئامێرەکەی بەکاردەهێنێت. هەندێک لەو مێتا داتایانەی کە فەیسبووک بەکاریدەهێنێت:

  1. بەرواری وێنەگرتنەکە یاخود تۆمارکردنی ڤیدیۆکە.
  2.  دیاریکردنی وێنە یاخود ڤیدیۆ دڵخوازەکانت.
  3. جۆری وێنەکە، وەکو وێنەی پانۆراما،و وێنە بە تەکنیکی تایملاپس و وێنە بە بەکارهێنانی کامێرای پێشەوە و زۆری تریش.